سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦-٧-٢٠٢٠ کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ بەڕێوەبچێت و ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمیش ئامادەی کۆبوونەوەکەبن، بەڵام لەسەر داوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەکە بۆ سبەی هەمان کات دواخرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەختیار شوکری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داوای پاڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیستمانی کوردستان بووە، داوایان کرد بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری دیکە کۆبوونەوەکە دوا بخرێت، ئێمەش وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، هیچ لارییەکمان نەبوو لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ سبەی.
بەختیاری شوکری گوتیشی “یەکێتی حزبی دووەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە و لەگەڵ ئێمەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان شەریکە، ئەو دەرفەتەشمان داوەتە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ ئەوەی بزانین ئەوان لە ناوماڵی خۆیان چ بڕیارێک دەدەن”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت “دواخستنی ئەو کۆبوونەوەیە، کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، لێکنزیک بوونەوەی هەردوو حزبەکەش بەلای ئێمە زۆر گرنگە و بڕیارەکەی ئێمە زۆر باشبووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە، بەو هیوایەین، کە فراکسیۆنی یەکێتی بگەنە قەناعەت و بڕیاری بەشداری کردن لەکۆبوونەوەکەی سبەی بدەن”.