هه‌رچه‌نده هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا به ڕێبه‌رایه‌تى نوورى مالیكى یه‌كه‌م لایه‌ن بوو داواى دیاركردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى ده‌كرد، كه‌چى ئێستا سه‌ركرده‌یه‌كى گاڵته به هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كات و به فریودانى خه‌ڵكى ده‌زانێ.
سه‌عد مه‌تڵه‌بى سه‌ركرده‌ى له هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه له ماڵپه‌ڕى “اخبار العراق” بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ، “هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له عێراق ناكرێت”.
مه‌تڵه‌بى له لێدوانه‌كه‌ى چه‌ند هۆكارێكى روونكردووه‌ته‌وه، كه رێگرن له به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته، له‌وانه ته‌واونه‌بوونى یاساى هه‌ڵبژاردن، قه‌یرانى دارایى، بارودۆخى ته‌ندروستى په‌یوه‌ست به په‌تاى كۆرۆنا.
جیا له‌وه‌یش ده‌ڵێ، هه‌ندێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نیین ته‌نیا بۆ فریودان و سڕكردنى خه‌ڵك بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، هه‌مان هاوپه‌یمانى پێداگریى له‌سه‌ر ئه‌وه كرد بوو ده‌بێت واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته دابنرێت.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له راپۆرتێكدا كه پێشتر بڵاوى كردووه‌ته‌وه، باسى له‌وه كردووه هاوپه‌یمانى نوورى مالیكى یه‌كێكه له‌و هاوپه‌یمانییانه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته نییه و كار ده‌كات بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه نه‌كرێت.