ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی یەکلانەبۆتەوە

0

سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ڕاگرتنی. 

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان هەردوولا، شەوی رابردوو كۆبوونەوەكە هەڵوەشایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و ژمارەیەک وەزیری هەرێمیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، لەوانە وەزیری پێشمەگەری هەرێم لە پشکی یەکێتی، بەپێی هەندێک زنیاری میدیایی وەزیرەکانی یەکێتی هاوشیوەی فراکسیۆنەکەیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نابن.                                                                                       

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ڕێڤینگ هروری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، ڕایگەیاند: دیاریکردنی کۆبوونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێککەوتن لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بەرنامەی کاری دیاریکراوە و کاتەکەی دانراوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ ڕاگرتنی کۆبوونەوەکە، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوە بوون، کە فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان بەشداری بکەن”.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی “ئێمە هیوا خوازبووین، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بکرایە و کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بوایە، چونکە بۆ ئێمەش لە پەرلەمانی کوردستان، وەک فراکسیۆنەکان باشتر دەبوو، کە هەموومان بەیەکەوە لە لیژنەکان کارمان کردووە و ڕاپۆرتێکی هاوبەشمان ئامادەکردووە لەسەر کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تۆپبارانی ناوچە سنورییەکانی هەرێم لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە”. 

سەبارەت بەدەنگۆی ئامادەنەبوونی وەزیری پێشمەرگە و وەزیرەکانی دیکەی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە، دەڵێت “تائێستا هیچ بڕیار و قسەیەکی وانییە کە وەزیرەکانی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان، ئامادەی کۆبوونەوەکە نابن، یان کارەکانیان لە حکومەت هەڵپەساردبێت”. 

بەگوێرەی بانگهێشتنامەیەکی پەرلەمانی كوردستان، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە (6)-ی ئاسایی خولی بەهارە لە كاتژمێر (11)-ی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 26-7-2020.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com