ئەسعەد مورادی
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دوورکەوتنەوەی خەڵک لە لایەنە سیاسییەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بەو مانایە نییە، کە یەکێتی و پارتی هیوایان بۆ خەڵک گەڕاندبێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان، حزبێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، کە بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا، بە ناوی لیستی گۆڕانەوە یەکەمجار بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی 25ی تەممووزی پەرلەمانی کوردستان کرد و 25 کورسی بەدەستھێنا، ئەو بەروارە بووەتە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان. بەڵام لە ئێستادا گۆڕان خاوەنی 12 کورسی پەرلەمانەیە و بەشدار لە حکومەت.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، هێمن شێخانی، بەرپرسی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، لەبارەی هەڵسەنگاندنیان بۆ ١١ ساڵ دروستبوونی حزبەکەی لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و دۆخی ئێستایان رایگەیاند: دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەرەو خراپبوون دەڕوات، ئێمە لە سەرتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بە پرۆژەیەکەوە هاتینە ناو گۆڕەپانی کایەی سیاسی، کە چەند خاڵێکی سەری لە خۆی دەگرت، لەوانە: ئەنجامدانی چاکسازی یەکڕیزی هێزی پێشمەرگە، گەڕاندنەوەی داهاتی ئەم وڵاتە بۆ خەزێنەی حکومەت و چاودێڕی کردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، کە هەموو ئەوانە کۆمەڵێک پرۆژە بوون بە دوای یەکدا.
هێمن شێخانی دەشڵێت، گوێ نەگرتن لەلایەن دەسەڵاتەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە بەرەو خراپتر بوون بڕوات و دواجاریش خەڵک بێ هیوا دەبێت لە خەباتی مەدەنی و لە ناو ئەو سیستەمە دا، کە خەباتی مەدەنی ئەوەندە ئاسان نییە، بتوانێ گۆڕان کاری بکات لە ماوەیەکی کەمدا.
لەبارەی دابەزینی رێژەی دەنگدەریان بەرپرسی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر گوتی، دوورکەوتنەوەی خەڵک لە لایەنە سیاسییەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بەو مانایە نییە، کە یەکێتی و پارتی هیوایان بۆ خەڵک گەڕاندبێتەوە، رەنگە بەرەو دۆخێکی مەترسیدارتر بڕوات ئەگەر خەڵک بیر لە بەکارهێنانی چەک و شێوازی تر بکاتەوە ئەم سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەم دەسەڵاتە.