نوچەنێت
سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ تاران دوای ئەوەی کە بەرنامەی سەردانەکەی بۆ سعودیە دوا کەوت، بە یەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ دەرەوەی عێراق هەژمار دەکرێت.ئەم سەردانە بە سەرنجدان بە هەلومەرجی ناوخۆیی، ڕەوشی ناوچەیی و دۆخی نێودەوڵەتی بە گرنگ و جێی سەرنج هەژمار دەکرێت.
بە گوێرەی بۆچوونی زۆرێک لە شارەزایانی سیاسی و چاودێران، ئەم سەردانە چارەنوسی زۆریەک لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق یەکلا دەکاتەوە. بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ داهاتووی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیەکانی تاران و بەغدا.
بەڵام چاوخشاندنێک بە کارنامەی چەند مانگەی کازمی لە ناوخۆی عێراق، بۆ ئێرانیەکان جێی پرسیار و سەرنجە. گریمانەی ئەم کورتە نوسینە ئەوەیە کە پێناجێ کازمی لە ئێران نزیک بێتەوە.
لە ئاستی سەربازیدا، تاران بەردەوام ڕوانگە و تێبینی خۆی سەبارەت بە عێراق هەبووە.دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و دانانی عبدالغنی الاسدی، فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ ئەم پۆستە جێی سەرنجی ئێرانیەکان بووە.
ئێرانیەکان پێیان وایە ئەم جێگۆڕکێ پێکردنە لە پۆستەکان، هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ ئەمریکیەکان.بە تایبەت دوای ئەم بڕیارە بوو کە هێرش کرایە سەر بنکەیەکی حزبولڵای عێراق کە وەک بەشێکی سەرەکی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێت، رێکخراوێک کە دەکرێ بگوترێ هیڵی سورە بۆ ئێران و بە هەموو شێوەیەک لە لایەن تارانەوە ساپۆرت دەکرێت.
ئەم گۆڕانکاریە و ئەم سەردانە هاوکاتە لە گەڵ دەستپێکی دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن، کە دیارە ئێرانیەکانیش بە نیگەرانیەوە زومیان خستۆتە سەر. ویستی سەرەکی ئێران و هاوپەیمان شیعەکانی لە عێراق، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە، ویستێک کە پێشتر لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی بۆ وەرگیراوە و وەک بڕیاریکی پەسەندکراو هەژمار دەکرێت و بواری یاسایی بە خۆوە گرتووە.
بەڵام ئەمریکییەکان، تا ئیستا ئامادە نەبوونە راستەوخۆ قسە لە سەر ئەم بڕیارەی پەرلەمان بکەن و جەخت لە سەر کەم کردنەوەی هێزەکانیان دەکەنەوە. جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت و تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمە بەرگریە لە ناوچەی سەوز، ئاماژەیەکی ڕووونە بۆ پلانی ئەمریکا لە پەیوەندی لە گەڵ بەرەوڕوو بوونەوەی ئێران تا ئاستێکی ڕاستەوخۆ و سەربازی.
چارەنوسی ئەم بڕیارەی پەرلەمان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، گرێدراوە بە کۆمەڵێک خاڵ و فاکتەری یەکلاکەرەوە کە ڕەنگە بەربەست بخاتە سەر ڕێی جێبەجێبوونی.
لە لایەک داڕمانی ئابوری و دارایی عێراق و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە، لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی هاوسەنگی لە پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق کە کازمی بانگەشەی بۆ دەکات، جێبەجیکردنی ئەم بڕیارەی خستۆتە پەراوێز و ژێر پرسیارەوە.
لە بواری ئابوری و بازرگانیەوە، تاران وەک هاوپەیمان و کەناڵێکی ستراتیژی دەڕوانێتە بەغدا و هاوکات فەزایەکی ستراتیژییە بۆ پێشێلکردنی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا.
لە ساڵی ٢٠١٩ بەغدا و تاران رێککەوتن کە قەبارەی پەیوەندیە بازرگانیەکان بگەیێننە ئاستی ١٢ ملیار دۆلار لە ساڵدا وەک دوو لایەن رێککەوتوون بڕیارە ئەم قەبارەیە، تا ئاستی ٢٠ ملیار دۆلار بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەرز بکەنەوە، خاڵێک کە حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە میانی سەردانەکەی کازمی بۆ تاران جەختی لە سەر کردەوە.
هەر وەک ئاژانسەکانی هەواڵیش بڵاویان کردەوە، کێشانی هیڵی شەمەندەفەر لە نێوان دوو وڵات لەم ڕاستەدایە و ئێران دەیهەوێ پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا هەر چی زیاتر گرێ بدات.
ئیدارەی ترەمپ، بەربەستی جددی لە سەر ئەم پەیوەندیانە دروستکردووە. لە لایەک بەغدا لە گەڵ هەڕەشەی بلۆک کرانی داهاتی نەوت و هەروەها درێژنەکردنەوەی مۆڵەتی بازرگانی لە گەڵ ئێران و هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئەم وڵاتە بەرەوڕوویە ولە لایەکی دیکەوە بابەتی هاتنە کایەی سعودیەیە، بۆ ناو گەمەی سیاسی و ئابوری عێراقە بە تێچویەکی کەمتر کە تەماح دەخاتە بەردەم بەغدا.
هەرچۆنێک بێت کازمی کەسێک نییە کە ئایدیال و ئارمانخواز بێت، تاکو ئێستا دەرکەوتووە، کەسایەتیەیکی پراگماتیستە کە بیری لە هاوسەنگی سیاسەت وپەیوەندیەکانی بەغدا ودنیای دەرەوە دەکاتەوە.
بە رێککەوت یان بێ ڕێککەوتن بێت، ژینگەی سیاسی و ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێکە کە مەجال بە خەون و خەیاڵ نادات.ناکرێ چاوەڕی بین کازمی هەموو هیڵکەکانی بخاتە سەوتەی ئێرانەوە، بەڵام دەکرێ پیشبینی بکرێ کە ئەوهاوسەنگیەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، لە پەیوەندییەکانی خۆیدا ڕەچاوی بکات.