سلێمانی
کارگێڕی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کاریگەری خراپ لەسەر ڕەوتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەبنەوە، هەروەها کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاووتوێ کردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کامەران غەریب، کارگێڕی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، سەبارەت بە کێشەکانی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند: کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە کاریگەری خراپ لەسەر ڕەوتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە و یەکێتی دوو حزبی ڕکابەری سیاسیین و لەساڵی (١٩٩١) تا ئێستا هەوراز و نشێوی زۆر لە پەیوەندیییەکانماندا هەبووە، ڕەنگە لەداهاتووش هەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە لەسەر خاڵە جەوهەرییەکانی بەرژەوەندی کوردستان ناکۆک بین”.
کارگێڕی لقی چواری پارتی لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەکێتی شتێکی زۆر باشە، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین، کە گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان هەردوولادا بکرێت، چونکە دەتوانین لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکانمان چارەسەر بکەین. دەشڵێت “بەداخەوە هەندێک جار لایەنی سیاسی لە ڕێگەی فەیسبووک و ڕاگەیاندنەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن”.
کامەران غەریب، جەختیشیکردەوە “کە پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی پەیوەندییەکی نائاسایی نییە و ئەمە سرووشتی هەموو لایەنێکی سیاسییە ڕکابەرە، زۆر جاریش هەبووە، کە پەیوەندییەکان زۆر لەمەی ئێستا ئاڵۆزتر بوون، بەڵام دواجار چارەسەر کراوە”.
ئەوە بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی، گوتیشی “جگە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن هیچ ڕێگە چارەیەکی ترمان نییە، بۆیە بەدڵنیاییەوە لە نزیکەوە یەکتر بینین و چارەسەر کردنی بارودۆخەکان، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە، چارەسەرێکی زۆر باش دەبێت”.
لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی چەند پرسێکی جیاواز گرژی و ئاڵۆزی و شەڕی میدیایی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی دروست بوو، هەرچەند چەندین جار هەردوولا هەوڵی کۆبوونەوەیان دا، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.