ئەسعەد مورادی
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی رایگەیاند، پێشتریش عەبادی رایگەیاند و تەنیا دروشم بوون.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی گرتە دەست، کە عێراق لە چەقی ململانێ و قیرانەکان و خۆپیشاندان دابووە و بەشێکی زۆر لە خەڵکی عێراق وەک فریادرەس دەیبینن بە تایبەت لەو رووەوە، کە دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڵوێستی هەیە و توانیویەتی بەشێک لە دەروازە سنووریەکانی عێراق کۆنترۆڵ بکاتەوە و بەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی حکومەت دەبێ.
لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، د. ئەشواق جاف، ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و پلانی چاکسازی لەلایەن کازمییەوە رایگەیاند: ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی رایگەیاند، پێشتریش حەیدەر عەبادی (سەرۆک وەزیرانی کابینەی پێشوو) رایگەیاند و هەر ئەوکات گوتم تەنیا دروشمە و جێبەجێ ناکرێت.
ئەشواق جاف دەشڵێت، ئەوەی ئێستا کازمی دەیکات هەنگاو بە هەنگاو هەوڵ دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دەیدات، بەڵام نابێت بیرمان بچێ، کە لە بەغدا هێزی چەکداری زۆر هەیە و لەوانەیە کێشەی بۆ دروست بکەن لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێّشوو ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو گەندەڵیانە لە دوای ٢٠٠٣وە لە عێراق بە مانگ و دوو مانگ چارەسەر ناکرێت و کاتی دەوێت و نابێث بوەستێت. هەروەها کازمی پێویستی بە هاوکاری هێزە سیاسییەکانە و دەبێ هێزە سیاسییەکان هاوکاری بکەن لە جێبەجێ کردنی بڕیار و هەنگاوانە لە واقعدا دەینێ؛ ئەگەرنا ئەرکەکەی زۆر قورس دەبێت لەو پلانەی دایناوە.