شلێر سەعید
د.محمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، دەڵێت، دەبوایە لە ماوەی ١٥ساڵدا هەرێمی کوردستان بیتوانیایە دەستور بنوسێتەوە.
ماوەیەکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بە بیانووی جۆراوجۆر دوادەخرێن، زۆر پرسی گرنگی وەک، قەیرانی دارایی، خاڵە سنورییەکان و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا هەن بەڵام پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە هیچ دانیشتنێکیان لەسەر ئەنجام بدات.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، دكتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری بەناوبانگی كورد، گوتی” پەرلەمان لە كوردستان لە ئاستێكی وادا نییە کە لسەر پرسە گرنگەکان کۆببێتەوە، هیچ بەرپرسێكی باڵا لە مەكتەب سیاسی یان سەركردایەتی ناچێتە پەرلەمان، پێیان كەمە بچنەپەرلەمان، بۆیە تەنها كادری پلە دوو و سێی خۆیان دەنێرن، ئەوانیش چیان پێ بڵێت ئەوەدەكەن”.
گۆڕان و حزبە بەشداربووەکانی تری پەرلەمان، یەکێتی و پارتی بە هۆکاری ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەکان دەزانن. ئەم سیاسەتمەدارە دەڵێت”ئێمە لە كوردستان سیستەمێكی حیزبی شەخسیمان هەیە، بۆیە نە پەرلەمان گرنگی هەیە نە حكومەت، حیزبەكان فەرمانڕەوا و سیستەمن”.
فراکسیۆنی یەکێتی پێشتر رایانگەیاند، کە بەهۆی سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هەڵدەپەسێرن. ئایا یاسا رێ بەمە دەدات؟
د.محمود عوسمان جەخت دەکاتەوە کە” یاسا نییە لە كوردستان چونكە نەمانتوانی لە ماوەی ١٥ساڵدا دەستوری خۆمان بنوسین، ئێمە چەند غەریببین کە بێ دەستورین، یاسا دەرکردن کاری پەرلەمانە، پەرلەمانیش شوێن کەوتەی حزبەکانن نەک رای بوێر بۆیە یاسا دەرناکات و فەرمان بەحزب بکات”.