ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی کورد رایدەگەیەنێت، یەکێتی لە کازمی نزیکە و لەوانەیە یەکێتی پشتیوانی کازمی بکات.
هەڵوێست و بڕیارەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم دۆخە چەقبەستووەی عێراق، چاوەڕواننەکراون، بەتایبەت کۆنترۆڵی دەروازە سنووریەکانی عێراق و توندی بەرانبەر میلیشیاکان و داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ سعودیە و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی، شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێ و وا لێکدەدرێتەوە ئەمریکا بەتەواوی پشتی کازمی گرتبێت بۆ هەستانەوە و بەهێزکردنی دەسەڵات لە بەغدا.
هەروەها بۆنەی یادی چل وپێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کازمی لە پەیامێکیدا رایگەیاند ”خۆشحاڵین گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە بكەین و هیوادارین ئەم بۆنەیە پاڵنەرێك بێت بۆ پتەوكردنی یەكێتی گەلەكەمان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی لە عیراقی نوێدا”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، موحسن عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێڕاق، لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی هەولەکانی کازمی بۆ راگرتنی هاوسەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا پشگیری باشی کازمی بکات دەتوانێ هاوسەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا رابگرێ ئەگەرنا ئاسان نییە و ئەمەش هەوڵێکە و وادیارە دەیانهەوێ ئەو شەپۆلەی سەر شەقامی عێڕاق رازی بکەن، کە چاکسازی لەسەرەوە دەستپێکردووە وەک نەوت، داهات، دەروازە سنوورییەکان و حزبوڵڵا و… هتد. هەروەها کازمی کەسێکی ئەمنی و سەربازییە و دیارە لە پشتەوە هاوکاری دەکرێت. هەروەها یەکێتی لە کازمی نزیکە و لەوانەیە پشتیوانی بکات وەک لایەنی کوردی.
موحسن عوسمان دەشڵێت، عێراق بە کورد و سوننەوە زۆر ماندوو بووە و دەبێت کەسێ پەیدا بێت و سەقامگیری لە عێراق دروست بکات.
لەبارەی کەمبوونەوەی نفوزی ئێران لە عێراق موحسن عوسمان گوتی ”کۆمەڵێک فاکتەر هەن، لێدانی قاسم سولێمانی و بەغدادی و لاوازبوونی داعش، لاوازبوونی تورکیا و ئێڕانە. ئێستا ئێران زۆر بەرچاوە ئەوە ٤٠ ساڵە حکومەت دەکات و یان دەبێت گۆڕانکاری بکات یان بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەچێت.