ئەسعەد مورادی
پەرلەمانتارێکی پارتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی بەغدا تا ئێستا پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە و بەڵام وەزیری بازرگانی بەڵێنی یەکلاکردنەوەی داوە.
گەڕاندنەوەی پارەی جووتیارانی هەرێم لەسەردەمی حکومەتی مالیکی هاوکات لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم ململانێ سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەستی پێکرد و تاکو ئێستاش 557 دینار پارەی جووتیاران لە لای بەغدا ماوەتەوە و تەنیا بەڵێن دەدن و جووتیارانیش چاوەڕوانییان بۆ ماوەتەوە.
لەلێدوانێکی تایەبت بە نوچە، د. مەیادە محەمەد نەجاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بۆ پارەی جووتیاران ڕاگەیاند: پارەی گەنمی ھەر سێ ساڵەکانی (٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦) تا ئێستا نەدراوە بە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و لەمیانەی بەدوداچوونیشماندا بۆمان دەرکەوت، کە ئەو پارەیە کاتی خۆی خرابووە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئەوەی ھاوشێوەی جووتیارانی عێراق بیداتە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش، بەڵام بە بڕیارێکی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، خەرجکردنەکەی وەستاوە”.
مەیادە نەجاڕ دەشڵێت “ئێمە ڕەخنەمان لەوەیە، کە ئەو کارە بە سیاسی کراوە، لەکاتێکدا بابەتی جووتیاران پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە و چاوەڕوای ئەو کارە لە حکومەتی بەغدا نەدەکرا”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران گوتیشی “لە نوێترین ھەوڵدا بە نووسراو و لەڕێگەی قسەکردن لەگەڵ وەزیری ئێستای بازرگانی عێراق، بەڵێنییان پێ دراوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو بابەتە یەکلا دەکەنەوە”.