نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکلایی بووەتەوە و دەبێت قورسایی زیاتری یەکێتی بخەینە هەلێر و بادینان.
رۆژی سێشەممە 21-07-2020، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی هەولێری کرد و لە مهڵبهندی 3-ی ههولێری یەکێتی، لهگهڵ ژمارهیهك له كادیرانی یهكێتی كۆبووەوە، هاوسەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند، لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بڕیاریانداوە، کە قورسایی سیاسیی خۆیان بخەنە هەولێر و بادینان. دەشڵێت “دەوامی سەرۆکایەتی خۆمان دەهێنینە کۆشکی سپی لە هەولێر و هەولێریش بۆ کەس چۆڵناکەین”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکی ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە مەبەستی قسەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی، ڕایگەیاند: یەکێتی نیشتمانی کوردستان قورسایی لەهەموو کوردستان هەیە و خەڵکی لەهەموو شارەکان هەیە، هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و مەکتەب سیاسی یەکێتی نابێت بە تەنها لە سلێمانی بن، بەڵکو دەبێت لە هەولێر و بادینان و ناوچەکانی دیکەش ئامادەییان هەبێت، بۆیە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نیەتیان ئەوەیە، کە سەردانەکانیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەردەوام بن و قورسایی زیاتری یەکێتییش بخەنە هەلێر و بادینان.
زکری ئەحمەد گوتیشی “وەک پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە بادینان و کادێرێکی ئەو حزبە پێمباشە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و سەرکردایەتی، زیاتر سەردانی بادینان بکەن و زیاتر بێنە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، چونکە ناکرێت هاوسەرۆکانی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی ئامادەییان لە هەولێر نەبێت، کە پایتەختە، لەوانەیە ڕۆژانە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دەرەوە سەردانی هەولێر بکەن”.
سەبارەت بە قورسایی حزبەکەیەوە لە سلێمانی، زکری ئەحمەد، دەڵێت “سلێمانی بۆ یەکێتی یەکلایی بووەتەوە و لە سلێمانی کەس نابێتە بەدیلی یەکێتی، ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە سلێمانی زۆرن و ئەوە دەنگە ناڕازیییەکانی یەکێتی بوون، کە دەنگیان بە بزوتنەوەی گۆڕان دابوو، لەدوای بەستنی کۆنگرەی چواری یەکێتی و هاتنە پێشەوەی سەرکردایەتییەکی نوێی گەنج و خاوەن بڕیار بۆ یەکێتی، جارێکی دیکە کادیر و لایەنگرە ناڕازییەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ لای یەکێتی”.
ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، لەبەر بێ بەرنامەیی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بادینان و ئامادەنەبوونیان لە بادینان، هەندێک کادیر و لایەنگری یەکێتی لە بادینان لە یەکێتی تۆراون و سەرکردایەتی نوێ دەبێت ئاشتیان بکاتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت، کە هاوسەرۆکەکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی، زیاتر سەردانی بادینان بکەن و هاوشێوەی سلێمانیش بادینان بە ماڵی خۆیان بزانن.