نەوزاد عەلی-سلێمانی
لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی کارەکانی تەواو کرد و هەموو بەڵگەکانیشی رەوانەی دادگا کردووە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت ”هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە، داواش لە دادگا دەکات بڕیاری دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات”.
رۆژی 16-12-2018 سێوان قادر و سێ منداڵی له قهزاى چهمچهماڵ بههۆى ئاگركهوتنهوهوە لە ماڵەکەیان سووتان و هەر ئەم شەوە سێ منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا و سێوانیش دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا. بە تۆمەتی سووتاندنی سێوان و منداڵەکانی ئافرەتێک و هاوژینی سێوان دەستگیرکران، بەڵام ئافرەتەکە ئازادکرا، هاوژینی سێوانیش تائێستا لە زیندانە، بەڵام هێشتا سزا نەدراوە و دۆسیەکەی لە داداگا بەردوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای سلێمانی، سەبارەت بە دۆسییەی سێوان قادر و منداڵەکانی، ڕایگەیاند “دادگایی کردن لەسەر دۆسییەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی”.
گوتەبێژی دادگای سلێمانی، گوتیشی “بڕیارە 28-7-2020، دانیشتنی دادگای سلێمانی لەسەر دۆسییەکە ئەنجامبدرێت و یەکلایی بکرێتەوە، کە ڕەنگە ئەمەش کۆتا دانیشتنی دادگای سلێمانی بێت لەسەر دۆسییەکە. هەروەها دادگا هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بەڵگەکان دەکات، کە دێتە بەردەستی، قسەی کۆتاییش لای خودی دادگا خۆیەتی و هەموو بڕیارەکانی دادگاش قابیلی تەمیزن”.
هەر لەبارەی دۆسییەی سێوان قادر و منداڵەکانییەوە، شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوچەی، ڕاگەیاند: ئێمە وەک لیژنەی پەرلەمانی کوردستان داواکارین، هەموو ئەو بەڵگانەی، کە هەن لەسەر دۆسییەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەتەواوەتی و ڕاست و دروستی بخرێنەڕوو-و هیچ دەستێوەردانێکیش لە کاری دادگاکاندا نەکرێت، لەپێناوی ئەوەی، کە لایەنێک لەبەر خاتری لایەنێکی دیکە مەغدوور بێت.
شادی نەوزاد، دەشڵێت “هیوادارین کە دادگا بتوانێت بەتەواوەتی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دۆسییەکە بگاتە ئەنجامی کۆتایی، چونکە ئەم دۆسییەکە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە، بەڵگەکانیش بەڵگەی زۆر جیاواز و ڕوون لە بەردەستی دادگادایە، وەک پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانین، ناتوانین دەستوەردان لە کاری دادگاکان بکەین تا دەگاتە ئەنجامی کۆتایی، ئێمە دەتوانین تەنها چاودێر بین. بۆیە وەک ئەرکی پەرلەمانی خۆمان چاودێرین بەسەر دۆسییەکەوە و ئاگاداری هەنگاوەکانی داهاتووشیان دەبین”.
لای خۆشیەوە، عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە، لەسەر دۆسییەی سێوان قادر، بەنوچەی، گوت “ئێمە وەک لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەوەی، کە پێویستە لەناو دۆسییەکەی سیوان قادر و منداڵەکانی، لەڕووی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە، توانیومانە هەموو شتێک بکەین، بۆئەوەی بتوانین شتێک بخەینە بەردەمی دادگا، تا بتوانێت لەکاتی دادگاییکردنەکەدا سوودی لێوەر بگرێت”.
سەرکەوت عومەر، گوتیشی “هەرکات ئەنجامی دادگاییەکە بڵاوکرایەوە بۆ ڕای گشتی، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی و لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە دۆسییەکە، ڕاو بۆچوونی خۆمان لەسەر دادگاییکردنە بڵاو دەکەینەوە، ئێمە بەشیوەیەکی یاسایی، هەموو ڕێکارێکی یاسایی و ئیداری دەگرینەبەر، بۆئەوەی بتوانین ئەوەی، کە پێویستە بیکەن لەپێناو چەسپاندنی داد پەروەری.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی، ڕاشیگەیاند “ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی زۆر باش و هێنانەدی داد پەروەری تەواو لەدۆسیەکەدا دەکەین و چاوەڕوانی ئەنجامێکین، کە بەدڵی هەموو لایەک بێت، بۆیە ئێمە هیچ گومانێکمان لەوە نییە، کە دادوەرە بەڕێزەکان داد پەروەر نەبن لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا، بەڵام ئێمە لە هەر حاڵەتێکی نوێ، کە بێتە پێشەوە لە دۆسییەکە، قسەی خۆمان دەبێت”.
وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 19-7-2020 دوایین دانیشتنی دادگا لە بارەی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەبچێت، بەڵام جارێکی تر پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 28-7-2020 دواخرا. ئەمەش چەندین جارە پڕۆسەی دادگاییکردنەکە بە پاساوی بێ بنەما دوا دەخرێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو کەیسە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە نوچەنێتی ڕاگەیاند”دادگای سلێمانی بە مەبەست کەیسەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی دوادەخات و یەکلایی ناکاتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی حزبی و کەسی لە کەیسەکەدا، بۆیە هەوڵدەرێت کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت و لەبەر ژەوەندی تۆمەتبارەکە یەکلایی بکرێتەوە”.