ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان ئاشکرا کرا

0

ئەسعەد مورادی

پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆدەبێتەوە و زیاتر ئەو بابەتانە دەستنیشان کراون بۆ گفتوگۆ، کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە.

دوای ئەوەی لەسەر داوای لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بە زۆرینەی دەنگ, دەنگی دا بە راگرتنی کاری فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند ”سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی داوە، بەڵام ئەوان دژی پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانن و بە ڕوونی بە فراكسیۆنی یەكێتیمان گوتووە، وەكوو فراكسیۆنی پارتی ناچینە ژێر هیچ فشارێكەوە و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەبێ یەکێتیش بەردەوام دەبێت”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان رایگەیاند: بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی، کە دانراوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆدەبێتەوە و زیاتر ئەو بابەتانە دەستنیشان کراون، کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە و بۆیە هەندێک کۆبوونەوەکە دواکەوت، کە ئەویش چاوەڕوانی وەڵامی حکومەت بووین، تاکو وەزیرەکان بنێرێتە پەرلەمان. هەروەها لە دوێنێوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی پەرلەمانی داوەتەوە، کە وەزیرەکان ئامادەن بێن بۆ پەرلەمان و لە دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمان بەشداری بکەن.

وەیسی سەعید لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتووی پەرلەمان دەڵێت، ئەو پرس و بابەتانەی دەستنیشان کراون گفتوگۆکردنە لەسەر قەرزەکانی حکومەتی هەرێم و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، رەوشی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆردومان دەکرێت، رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە لە ماوەی رابردوو کۆمەڵێک حاڵەتی نەخوازراو لەو سنوورانە روویداوە و پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. هەروەها دۆخی کۆرۆنا و ئەو رێکارانەی حکومەت گرتوویەتییە بەر و پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە.

لەبارەی پەیوەندی نێوان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی، وەیسی سەعید گوتی، بە دڵنیاییەوە ئێمە شەریک و هاوبەشی یەکترین و هەم لە پەرلەمان و هەم لە حکومەت، بۆیە پێویست بەوەدەکات زیاتر لەیەکنزیکبوونەوە و هەماهەنگیمان هەبێت و بەسەر ئەو گرفت و خاڵە لاوەکیانەی هەیە سەربکەوین، بۆیە دانیشتنەکان بەردەوامە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com