نوچە
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بە مەبەستی دانانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بکرێت، کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانایرییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ (چوارشەممە 22-7-2020) دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ قسەکردن لەسەر دانانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی راگرتنی کارەکانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ نەکرێت. چونکە سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی یەکێتییە.
کۆبوونەوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاری کردنی بەرنامەی کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانە، کە بڕیارە تاوتوێی چەند تەوەرێک بکرێت، کە لەوانە بابەتی موچە، قەرز، خاڵە سنوورییەکان، ناوچە کێشەلەسەرەکان و کێشە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە نەکات، لە رووی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانەوە، سیناریۆی جیاواز هەن. بەپێی پەیڕەو لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشتنی پەرلەمان بانگهێشت بکات، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بەشداری دانانی کارنامەش نەکات دەتوانێت بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکات، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکە بەڕێوە ببات.
لە حاڵەتێکدا ئەگەر 50+1ی پەرلەمانتاران واژۆ بۆ دانیشتنی پەرلەمان کۆبکەنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بتوانێت ئەندامانی پەرلەمان بانگهێشتی کۆبوونەوە بکات.
لە حاڵەتێکی دیکەدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان ئامادەنەبێت، جێگر دەتوانێت ئەندامان بانگهێشتی کۆبوونەوە بکات.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەسەر داوای لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی خستە دەنگدان و بە دەنگی 65 ئەندامی سەرکردایەتی پەسندکرا.
پێدەچێت فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان نەکات، تاوەکو کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی نەکرێت و ئاڵۆزییەکانی نێوانییان بە ئاراستەی ئارامی نەبرێن.