نوێترین زانیاری لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێم

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەڕیوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تائێستا تەنها یەک کۆمپانیا داوای  گەشتیکردووە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٦-٧-٢٠٢٠، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق بڵاویکردەوە، لە ٢٣ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوە و گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە، هەروەها فڕۆکەخانە و مۆڵ و بەشێک لە دەروازە سنورییەکانیش دەکرێنەوە. جەخت لەوە دەکر‌ێتەوە، کە لەگەڵ کردنەوەی شوێنەکان پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕایگەیاند: دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق ڕێنمایی دەرکردووە لە ٢٣-ی ئەم مانگەوە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەتوانن داوای گەشت بکەن بۆ فڕۆکەخانەکان، ئەگەر کۆمپانیاکان داوای گەشتی فڕۆکەوانی بکات، پێویستە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی ڕەزامەندی لەسەر بدات، ئەمەش تا ٣١-ی ئەم مانگەیە و لەدوای ئەو وادەیە چاوەڕوانی بڕیاری دیکەی فڕۆکەوانی عێراق دەکەین”.                                

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات، کە تائێستا تەنها کۆمپانیایەک داوای  گەشتیکردووە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئێمەش ڕەزامەندیمان دەربڕیوە، بەڵام دەبێت دوای ڕەزامەندییەکەی ئێمە فڕۆکەوانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت ئەوکاتە دەتوانێت گەشتەکە ئەنجامبدات، بۆیە جارێ دڵنیانین چۆن گەشتەکە دەکرێت.      

سەبارەت بە ئامادەکاریییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵڵا، دەڵێت “ئێمە وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا ڕادەیەکی باش ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەنجامدانی گەشتی فڕۆکەوانی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کەسانەی، دێنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە دەرەوەی عێراق”.  

لای خۆشیەوە، ئومێد محەمەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوچەی، ڕایگەیاند “کردنەوە و داخستنی ئاسمانی فڕۆکەوانی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقدایە و دەبێت ئەوان ڕەزامەندی لەسەر بدەن، واتا هیچ گەشتێکی ئاسمانی بەبێ ڕەزامەندی فڕۆکەوانی عێراق لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com