نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ هۆکارێک نابێتە ڕێگر بۆ پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش، دەڵێت “لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمانی کوردستاندا نین لە ژێر هیچ ناونیشانێک”.
لەسەر پێشنازی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان هەڵپەساردووە تا ئەوکاتەی سەرکرایەتی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لەپشکی یەکێتییە، پابەندی خۆیان بە بڕیاری سەرکردا حزبەکەیان دەربڕیووە، ئەمەش نیگەرانی زۆربەی حزبەکانی هەرێمی لێکەوتووەتەوە و داودەکەن پەرلەمان بەدوور بێت لە دەستوەردانی حزبی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، ڕایگەیاند: بەو پێیەی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی نیشتمانییە و گرنگە دوور بێت لە هەموو دەستێوەردانێکی حزبی، بۆیە هیچ هۆکارێک نابێتە ڕێگر بۆ پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، چونکە بەپێی پەیڕەوی تایبەت بەخۆی لەهەر ڕەوشێکدا مامەڵە دەکات”.
وەیسی سەعید، دەشڵێت”بۆئەوەی درێژە بەکارە یاسایییەکانی خۆمان بدەین لە پەرلەمانی کوردستان، بۆماوەی یەک مانگ پشووی ئاسایی پەرلەمانمان کورت کردەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە هەر وەزێکی یاسا داناندا، پەرلەمان دوو مانگ پشوودانی هەیە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی درێژە بەدانیشتنە ئاسایییەکانی خۆمان بدەین، ئەو پشووەمان کورت کردووەتەوە”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی وەڵامی پەرلەمانی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک بکات، کە پیشتر پەرلەمان داوای کردبوو.
ناوبراو جەختیشیکردەوە، ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئامادەییان تێدایە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان، گوتیشی “ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەخۆیان دەکەن و لە وێوە هەموو پرسەکان یەکلایی دەبنەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە”.
هاوکات، جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەکخستنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بە نوچەی، ڕایگەیاند ”ئێمەوە وەک بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان نین لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا و لەگەڵ ئەوەداین پەرلەمان کۆبوونەوەکانی بەردەوام بێت، بە مەرجێک لەسەر بابەتی گرنگ بێت”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “ئێمە لەگەڵ بەردەوامیدانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانین، بەڵام چ جۆرە کۆبوونەوەیەک؟ کۆبوونەوەیەک، لەسەر بژێوی ژیان، موچە، کێشە و گیروگرفتی خاڵە سنوورییەکان بێت، کە لە ئێستادا بابەتی هەنووکەی و گرنگن”.