ئەسعەد مورادی
پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ و پرسە گرنگەکان تاوتوێ نەکرێ، پێویست ناکات کۆببینەوە. هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ”دۆخەکە نەگەیێندرێتە بنبەست”.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی داوە، بەڵام ئەوان دژی پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانن و بە ڕوونی بە فراكسیۆنی یەكێتیمان گوتووە، وەكوو فراكسیۆنی پارتی ناچینە ژێر هیچ فشارێكەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز، لەبارەی بڕیاری راگرتنی کارەکانی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: ئێمە کاتمان بە دەستەوە ماوە تاکو وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە و ئەمە رەنگە هەندێک جەدەلی سیاسی بێت، لە نێوانی یەکێتی و پارتی، لەسەر هەندێک بابەتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە ئەو مانگەی بۆ درێژ کراوەتەوە.
عەباس فەتاح دەشڵێت، ئەو مانگە لە پشوو بۆ پەرلەمان درێژ کراوەتەوە بۆ جەند بابەتێکی دیاری کراوە و بابەتەکان بریتین لە قەرزی حکومەت، دواکەوتنی موچە و کەمکردنەوەی، خاڵە گومرگییەکان و لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو سنووری هەرێمی کوردستان و ماددەی 140. ئەگەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ و ئەم خاڵانە تاوتوێ نەکرێ، پێویست ناکات کۆببینەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی جەخت لەوەش دەکاتەوە، پێویستە ئەو سێ هێزەی لە دەسەڵات دان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی هەوڵبدەن لەو باردۆخە زیاتر بەیەکەوە کۆببنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە لە ناوچەکە و بە تایبەتی لەرووی داراییەوە لەهەرێمی کوردستان. گوتیشی ”وەک پەرلەمانتارێک بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکان، کە دۆخەکە نەگەیەننە شوێنێکی بنبەست، کە دواتر نەتوانرێ چارەسەر بکرێ”.