نوچە
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، بۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەکان و هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 11 هەزار و 361 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، شەش هەزار و 166 کەسیان چاکبوونەتەوە و 432 تووشبووشیان گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە 14ی ئازاری 2020 قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا و تاکو ئێستاش بەردەوامە.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەسەڵاتیان داوەتە پارێزگارەکان ئاسانکاریی زیاتر بکەن بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان لەنێوان پارێزگاکاندا.
سەبارەت بە گەشتی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولیر، وەزیری ناوخۆ داوایکرد تاوەکو 1-ی ئاب فڕۆکەخانەکان ئامادەکاری بکەن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی و رێکارەکانیش بۆ دوای ئەو وادەیە دیاری دەکرێن.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە شوێنی دەوام و ژیانی رۆژانەدا ئاسانکاریی زیاتر دەکرێت، بەڵام دەبێت ماسک ببەسترێت.