نوچەنێت
دەنگۆی رادەستکردنی برازایەکی ساڵح موسلیم بە تورکیا، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوبووەوە. برایەکی کچەکە دەڵێت، ئێمە نە حکومەتی هەرێم تاوانبار دەکەین و نە لێدوانی لەم جۆرەشمان داوە.
رۆژی رابردوو چەند وێنەیەکی دالیا مەحمود موسلیم، برازای ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لە کوردستانی رۆژئاوا، لە کەناڵی ئەنادۆڵوی تورکیا دەرکەوت، هەندێ کەناڵی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە کە ئەم کچە لە هەولێرەوە رادەستی تورکیا کراوە.
برایەكی دالیا لە بەرنامەیەکی کەناڵئ ئێن ئارتی، رایگەیاند: ئێمە حکومەتی هەرێم بەرادەستکردنەوەی خوشکەکەم تاوانبار ناکەین، هیچ جۆرە لێدوانێکی لەو جۆرەمان نەداوە. خۆشمان لە کەناڵی ئەنداۆڵو بینیمان کە گوایە لە مێرسین خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
موسلیم مەحموود موسلیم، دەڵێت: شەش مانگ لەمەوبەر، خوشكەكەم بۆ چارەسەری تەندروستی هاتووەتە هەرێمی كوردستان، ئێمە نەمانگوتووە لە هەرێمی كوردستان رادەستكراوە، ئێمە گوتوومانە لە هەرێمی كوردستان ژیانی كردووە و تەسلیمی توركیا بووە، ئێمە داوا دەكەین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێژنەیەك دروست بكات و دالیا بگەڕێنێتەوە، ئێمە پەیوەندیی ئەوان دەخوازن.
سەبارەت بەو لێدوانانەی کە لەسەر زاری ساڵح موسلیم و باوکی دالیاوە بڵاو كرایەوە، كە گوایە پارتی بە رادەستكردنەوەی دالیا تۆمەتبار كردووە، برای کچەکە گوتی: ساڵح موسلیم هیچ بەیان و لێدوانێكی نەداوە، ساڵح موسلیم هیچ لێدوانێكی نەداوە، لەسەر زمانی ئەو گوتراوە بەڵام ئەو هیچی لەسەر هەرێم نەگوتووە. باوکیشم لێدوانی لەمجۆرەی نەداوە.