سێ وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بۆ چەند پرسێکی گرنگ کۆببێتەوە و سێ وەزیری هەرێم بانگهیشتی کۆبوونەوەکە بکرێن.    

لە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر، سۆران عومەر، پەرمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان و ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان یەکجار کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، ئەویش بۆ ڕاسپاردنی چەند لیژنەیەکی پەرلەمان بووە لەسەر پرسی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی لیژنەی پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕایگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ کۆببێتەوە، لەوانە پرسی تۆپبارانکردنی ناوچە سنووریییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە. هەروەها پرسی تێکچوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەنجامدانی چالاکی داعش لەو ناوچانەی، کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.                                                      

هەرکی گوتیشی “ئەو لیژنانەی، کە ڕاسپێردرابوون بۆ بەدواداچوونی پرسی تۆپبارانی ناوچە سنووریییەکانی هەرێم و پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکردووە و هەموویان کردووەتە ڕاپۆرتێکی هاوبەش و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە”.                                           

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت “داوامانکردووە، کە هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بانگێشتی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکرێن و بڕیارە ئامادەی کوبوونەوەکە بن”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com