سه‌ركرده‌یه‌كى شیعه‌ پیلانێكى توركیا له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا ده‌كات

0

هادى عامرى سه‌ركرده‌ى رێكخراوى به‌در و هاوپه‌یمانى فه‌تح، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناڕه‌زایى له‌دژى له‌شكركێشى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ توركیا به ‌نیازه‌ هاوشێوه‌ى باكورى سووریا پشتێنه‌یه‌كى ئه‌منى له‌سه‌ر سنوورى عێراق دروست بكات.

میدیاكانى عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌م، ناوه‌ڕۆكى به‌یاننامه‌یه‌كى هادى عامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌دریان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌سه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

عامرى به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ره‌خنه‌ له‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌گرێت، له‌وه‌ى له‌ به‌رامبه‌ر له‌شكركێشییه‌كه‌ى توركیا بێده‌نگ بووه‌ و ده‌ڵێ ده‌بێت حكوومه‌تى عێراق له‌ڕووى سیاسى و دیپلۆماسییه‌وه‌ له‌ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بابه‌ته‌كه‌ بوروژێنێ.

عامرى له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى ناوى هه‌رێمى كوردستان ناهێنێ و ده‌ڵێ توركیا به‌ نیازه‌ هاوشێوه‌ى باكورى سووریا پشتێنه‌یه‌كى ئه‌منى دروست بكات و ئه‌مجاره‌یش 25 كیلۆمه‌تر هاتووه‌ته‌ پێش كه‌ ئه‌مه‌ به‌ هه‌ر پاساوێك بێت مایه‌ى قبووڵكردن نییه‌.

هادى عامرى داوا له‌ توركیا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانى بكێشێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ “دوژمنكارییه‌”ى توركیا له‌ به‌رژوه‌ندى خۆى و عێراق نییه‌.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com