سەركردایەتی یەكێتی نازانن كەی سەردانی تاڵەبانی دەكەن
نوچە: تایبەت
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا وادەی سەردانكردنی سەركردایەتی بۆ لای تاڵەبانی دیاری نەكراوە، بەڵام وەك ئەو وتی “بە دڵنیاییەوە سەردانی دەكەین”.
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە نوچەی راگەیاند، دۆخی تەندرووستی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی جێگیرە و بە تەندرووستییەكی باشەوە گەڕاوەتەوە سلێمانی، ئەوەیشی وت “وەك سەركردایەتی یەكێتی، بە دڵنیاییەوە سەردانی بەرێز مام جەلال دەكەین، بەڵام تا ئێستا وادەی سەردان كردنەكە دیاری نەكراوە و نازانین كەیە”.
ئارێز عەبدوڵلا دەربارەی بەشداری كردنی تاڵەبانی لە پرۆسەی سیاسیدا وتی “هەمووی چەند رۆژێك ماوە كە ماوەی سەرۆكایەتی كۆمار لەلایەن بەرێز مام جەلالەوە تەواو ببێت و سەرۆك كۆمارێكی تر جێگەی بگرێتەوە، بۆ بەشداری كردنیشی لە پرۆسەی سیاسی و راپەڕاندنی كارەكانی ئەوە دەبێت دكتۆرەكان ئەو بڕیارە بدەن”.