نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بەدڵنیایییەوە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجامدەدرێت و هەر لایەنێکیش بە ڕاشکاوی دید و بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو.
خراپی پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، قەیرانەکانی هەرێمی قوڵترکردووە، هەردوو حزب ئۆباڵی ناکۆکییەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر، بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی پارتی و یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هەردوو حزب لە ئاستی باڵا لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆببنەوە و سەرجەم ئەو کیشانەی لە نێوانیان هەیە چارەسەر بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەسام عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە هەڵەبجە، سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند: بڕیار بوو بەم نزیکانە کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام دیار نییە، کە بە تەواوی لە چ ڕۆژێکدا دەکرێت.
سەبارەت بە کاریگەری خراپی پەیوەندی حزبەکان لەسەر پەیوەندی کەسی ناو حزبەکان، ئەو پەرپرسەی پارتی، دەڵێت “لە هەر حزبێکی سیاسی پەیوەندیییەکان لە ئاستێکی باڵاوە دیاری دەکرێت، لە کاتێکدا کە لە ئاستی باڵادا پەیوەندییەکانی نێوان دوو حزب پەیوەندییەکی تەبا نەبێت، بەدڵنیایی کاریگەری لەسەر ئۆرگانەکانی خوارەوەش دروست دەکات، بەڵام تاڕادەیەک پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەڤاڵانی یەکێتی پەیوەندیییەکی ئاساییە و لەسەر ئاستی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتییش پەیوەندیییەکان ئاسایین”.
بەسام عەلی، سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە پەیوەندی حزبەکان، گوتی “سەرۆکایەتی هەرێم ئەو ناوەندەیە، کە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تیایدا کۆدەبێتەوە، دەکرێت لەوێ پەیوەندییەکانیان بخەنەڕوو، هەموو هەوڵێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لە پێناو یەکڕیزی ماڵی کوردە، سەرۆکی هەرێم بەدڵنیاییەوە ڕۆلێکی گەورەی هەیە لە دروستکردنی تەبایی نێوان لایەنەکان، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بەدڵنیایییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی لە ئێستا باشتر و ئاسایتر دەبێتەوە”.
لە لایەکی دیکەوە، فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “یەكێتی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بناغەیەكی پتەوی بۆ پەیوەندییەكانیان دروستكردووە و هەنگاوی باشی بڕیوە، بەراورد بە پێشووتر بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی نەماوە، بەڵام لە دوای كۆنگرەی یەكێتی ژمارەیەك پرسی هەڵپەسێردراو هاتنە ئاراوە پێویستە یەكلایی بكرێنەوە”.
ئەسەسەرد، جەختیشیکردەوە “یەكێتی میكانیزمێكی داناوە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەکەن”.