نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئاماژەکان بە ئاراستەیەن، کە ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق چوار ساڵی خۆی تەواو بکات.
مستەفا کازمی، سهرۆك وهزیرانی عیراق، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی بەڵێنی ئەوەیدابوو، کە زەمینەسازی و ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لەعێراق، لە دواهەمین لێدوانیشیدا ڕۆژی ١٦-٧-٢٠٢٠ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا رایگەیاند: بهم نزیكانه وادهی ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پێشوەختە رادهگهیهنرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق ئەنجامدەدەن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش پێویستە سەربەخۆیانە بەو بەرپرسیارێتییە هەڵبسێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئەردەڵان نورەدین، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ڕایگەیاند: سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی عێراق، بۆ ئەوە بوون، کە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، کە ئەمە یەکێک بووە لە داواکاری سەرەکی شەقامی عێراقی”.
لە بارەی ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات”ئەو بارودۆخەی کە ئێستا عێراقی تێکەوتووە، بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ئەوە ناکرێت، لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەبوونی چەند هۆکارێک”.
سەبارەت بەو هۆکارانەی ڕێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردەنی پێشوەختە، ئەردەڵان نورەدین، دەڵێت “تائێستا یاسای هەڵبژاردن ئامادە نییە و هەموو لایەنەکانیش هاوڕانین لەسەر ئامادەکردنی یاساکە و دادگای فیدراڵیش کیشەی کەمی کارمەندی هەیە. هەروەها کێشەکانی دارایی و ئابووری و سیاسی و ئەمنی عێراق، هەموو ئەمانە ڕێگرن لە بەردەم مستەفا کازمی، کە بتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات”.
ناوبراو جەختیشیکردەوەو گوتی “تەنانەت بە دووریشی دەبینم لایەنەکانی عێراق هەموویان لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بن، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و سیاسی عێراقەوە، بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق چوار ساڵی خۆی تەواو بکات”.