ئه‌یاد عه‌لاوى جێگرى سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق، هێرش ده‌كاته سه‌ر وه‌زیرى به‌رگرى عێراق و به بێ ده‌سه‌ڵات وه‌سفى ده‌كات، هاوكات هێزێكى نوێیش راده‌گه‌ینێ به ئامانجى “راستكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق”.
دوێنێ شه‌موو ئه‌یاد عه‌لاوى جێگرى سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق، له دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى هێرشى كرده سه‌ر جومعه عینادى وه‌زیرى به‌رگرى عێراق كه كه‌سێكى سوننه‌یه.
عه‌لاوى ده‌ڵێ، ئه‌م وه‌زیره هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى له‌ناو فه‌رمانده‌یى هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق نییه، دواتر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق به به‌یاننامه‌یه‌كى فه‌رمى وه‌ڵامى عه‌لاوى داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێ عه‌لاوى ده‌یه‌وێ رۆڵى جومعه عیناد به لاواز وه‌سف بكات.
هاوكات ماڵپه‌رى به‌غداد پۆستى عێراقى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ ئه‌یاد عه‌لاوى رایگه‌یاندووه هێزێكى نوێ داده‌مه‌زرێنێ به ئامانجى راستكردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق.
عه‌لاوى ناوى هێزه نوێییه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت گوتوویه‌تى له چه‌ندان وه‌زیران و په‌رله‌مانتارانى پێشوو و كه‌سایه‌تى سیاسى پێك دێت و له هاوپه‌یمانى “عراقیون” گه‌وره‌تر ده‌بێت و هیچ پێوه‌ندییه‌كیشى به حكوومه‌ته‌وه نابێ.