نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی عێراق، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
ماوەی زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕیوە و تائێستاش حکومەتی عێراقی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کورتهێنان لە بودجەی عێراق ڕوویداوە، بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو قەیرانە سیاسییانەی لە عێراق هاتوونە پێش، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەرلەمان یاسای قەرزی پەسەندکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دوبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠، ڕایگەیاند”بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەئێمە دراون، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات و ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ دەکات”.
دوبەردانی، دەڵێت”ئەگەر حکومەت پڕۆژەیاسای ٢٠٢١ ئامادەبکات، دەبێت لەسەرەتای مانگی ١١ی ئەمساڵەوە پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، بۆئەوەی لیژنە تایبەتمەندەکان کار لەسەر پڕۆژەیاساکە بکەن، تا پەرلەمان بتوانێت پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات”.
سەبارەت بە ڕونکردنەوەی خەرجی و داهاتی حکومەت بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت”گەرانەوەی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ئیجباری نییە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ وە تاکو ئێستا حکومەتی عێراق حساباتی خیتامی نییە”.