نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی عێراق، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
ماوەی زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕیوە و تائێستاش حکومەتی عێراقی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠-ی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کورتهێنان لە بودجەی عێراق ڕوویداوە، بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو قەیرانە سیاسییانەی لە عێراق هاتوونە پێش، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەرلەمان یاسای قەرزی پەسەندکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠، ڕایگەیاند”بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەئێمە دراون، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات و ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ دەکات”.
دووبەردانی، گوتشی”ئەگەر حکومەت پڕۆژەیاسای ٢٠٢١ ئامادەبکات، دەبێت لەسەرەتای مانگی ١١ی ئەمساڵەوە پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، بۆئەوەی لیژنە تایبەتمەندەکان کار لەسەر پڕۆژەیاساکە بکەن، تا پەرلەمان بتوانێت پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات”.
سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی خەرجی و داهاتی حکومەت بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت “گەڕانەوەی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ئیجباری نییە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣-وە تاکو ئێستا حکومەتی عێراق حساباتی خیتامی نییە”.