نەوزاد عەلی-سلێمانی
جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر پڕكردنەوەی ١١ كیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی ڕێككەوتن.
لە چەند رۆژی ڕابردوو بەبێ هیچ هەماهەنگی و ئاگادارییەکی وەزارەتی پیشمەرگە، هێزێکی سوپای عێراق نزیکی میحوەرکانی پێشمەرگە بوویەوە و هێزەکە لە گوندی کارێزەی سەر بە سنوری قەزای کفری جێگیرکرابوون، ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتنەیە، کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق واژۆکراوە، بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە نابێ هیچ لایەک بەبێ هەماهەنگی لە سنوری نێوان هەردوولا هێز بجوڵێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکە، ڕایگەیاند: ئەو هێزە عێراقییەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا هاتبوونە نزیکی سنورەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری خانەقین، ئێستا ئەو هێزانە لەو ناوچەیە نەماون، بەڵام لیوای ٢٠-ی فیرقەی ٥-ی سوپای عێراق هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لە نزیک میحوەری ٢-ی نزیک کفری، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە ئەمنییەی، کە هەیە لەو ناوچەیە.
لیوا قارەمان کەمال، گوتشی “دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق، توانرا هەردوولا ڕێککەوتنێک ئەنجامبدەن، بۆئەوەی بەیەکەوە ئەو بۆشایییە ئەمنییە پڕبکەنەوە، ئێشتاش ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە و هێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق بەیەکەوە ١١ کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی کە دەکەوێتە گوندی کارێزەی خوار قەزای کفریەوە بەرە و قۆری چای، بۆشاییەکی گەورەیە و داعش هەمیشە لەو ناوچانە چالاکی هەیە، ئێستا ئەو ناوچانە پارێزراوە بە هەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق”.
جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو بۆشایییە ئەمنییەی کە بەهاوبەشی لەنێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق پرکراوەتەوە درێژییەکەی ١١ کیلۆمەترە و دابەشکراوە لە نێوان بارەگاکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەر هێزێک لە بارەگای خۆیەتی، بەجۆرێک پێشمەرگە لەبەرێکی هێڵەکەن و ئەوانیش لەبەرەکەی تری هێڵەکە جێگیرکراون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پیشمەرگە، دەڵێت “پاراستنی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە سوودێکی زۆی بۆ ناوچەکە هەیە، ئەمەش هەماهەنگییەکی باشە، کە لە نێوان هەردوولا ڕوویداوە، هیواداریشین، کە لە میحوەرەکانی دیکەوە هەمان هەماهەنگی دروستبکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنی”.