نەوزاد عەلی-سلێمانی
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکانی مەخمور و قەرەچوغ ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا لە سنورەکانی ئێمە هیچ جوڵەیەکی نائاسایی لەلایەن سوپای عێراقەوە بەدی ناکرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە بە بێ هیچ هەماهەنگی و ئاگادارییەکی وەزارەتی پیشمەرگە، هێزێکی سوپای عێراق لە گوندی کارێزەی سەر بە سنوری قەزای کفری جێگیرکردووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق واژۆکراوە، کە بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە نابێ هیچ لایەک بەبێ هەماهەنگی لە سنوری نێوان هەردوولا هێز بجوڵێنێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، لیوا زریان شێخ وەستانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، سەبارەت بەنزیکبوونەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لە سنورەکانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند”لەسنورەکانی مەخمور تاکو سنووری گوندەکانی قەرەچوغ و سەرگەڕانی گەرمیان، هیچ هێزێکی سوپای عێراق بەرە و سنورەکانی هێزی پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە و تائێستا مەودای دووری نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەو سنورانە وەکو خۆی ماوەتەوە و ئەو بۆشایییە ئەمنییەش کە هەبووە لە نێوانمان هێشتا پڕنەکراوەتەوە”.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە جەختیکردەوە، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنورانە بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، بەڵام تائێستا هیچ جوڵەیەکی نائاسایی لەلایەن سوپای عێراقەوە بەرەو سنورەکانی پیشمەرگە بەدی ناکرێت.
سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی رێککەوتن لە نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگە، زریان شێخ وەستانی، دەڵێت”لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتن و هەمەهەنگییەک لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە، کە لەم سنورانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدرێت، هیوادارین ڕێککەوتنێک بکرێت لە نێوان بەغدا و هەرێم بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی پیش ١٦ ئۆکتۆبەر”.