راپۆرتێکی هاوبەش ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بڕیاردەری لیژنەی کاروبای پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لیژنەکانی بەدواداچوون لەسەر پرسی پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکەن.      

هەفتەی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هەر سێ لیژنەی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە دابەشی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کرابوون، سەردانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کودستانیان کرد، بەمەبەستی بەدواداچوون و لە نزیکەوە ئاگادار بوونی ئەو پێشێلکاریییانەی کە لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دەرکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو لە کۆتاییدا هەر سێ لیژنەکە ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئاراستەی پەرلەمان بکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ڕزگار شەهید حمە نەگڕەیی، بڕیاردەری لیژنەی کاروبای پیشمەرگە لە پەڕلەمانی کوردستان، لەبارەی کاری لیژنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو لیژنانەی کە دابەشکرابوون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەجیا سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە بۆیان دیاری کرابوو، بە دواداچوونی خۆیان کردووە لەسەر پێشێلکارییەکان و هەر لیژنەیەک بە جیا ڕاپۆرتی خۆی ئامادەکردووە.  

بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “ئەو  لیژنانەی کە بەجیا کاریان کردبوو، ئەمڕۆ چوار شمەممە ١٥-٧- ٢٠٢٠، یەکەم کۆبوونەوەی هاوبەشیان لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداوە و سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی هاوبەشن”.   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدەکات، لیژنەکان لەکاتی سەردانییان بۆ ناوچەکان بەدواداچوونی ووردیان لەسەر پرسی پێشێلکارییەکان و بۆردومانکردنی ناوچەسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کردووە، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لیژنەکان ڕاپۆرتە هاوبەشەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com