ئەمساڵ نزیکەی 500 کۆچبەری عێراقی گەیشتوونەتە ئەوروپا

0

شلێر سەعید

بەپێی دواین ئامارەکان کە پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان لە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەریگرتووە، لە شەش مانگی ئەمساڵدا تەنها 28 هەزار و 729 کۆچبەر و پەناخواز لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەفغانی و سوری و جەزائیرییەکان زۆرترینیان پێکهێناوە، هاوکات 339 کۆچبەریش لە ڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی گشتیی کۆچبەرانی گەیشتوو بۆ ئەوروپا لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

  • یۆنان: 10 هەزار و 408
  • ئیسپانیا: هەشت هەزار و 693
  • ئیتاڵیا: حەوت هەزار و 330
  • ماڵتا: هەزار و 776
  • قوبروس: 468

لەبارەی کۆچبەرانی عێراقی، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی حوزەیران، نزیکەی 500 کۆچبەری عێراق خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا کە 340 کۆچبەریان دەربازی یۆنان بوون و 99 کۆچبەری تریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.

ئامارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر کەمترە کە ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە، سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان ڕایگەیاند، کەمکردنی شەپۆلی کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام هۆکارەکە ناوخۆیی نیە و پەیوەندی بە سەختبوونی ڕێگای کۆچی نائاسایی هەیە.

سۆران ڕەشید گوتیشی، هۆکاری یەکەم بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنایە لە سەرانسەری جیهان، لە سەرەتای شوباتەوە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوی سنورەکانیان داخست و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرت، ئەوەش بەربەستێکی سەرەکی بوو لە بەردەم کۆچبەراندا.

هۆکاری دووەم، بەپێی قسەکانی سۆران ڕەشید، توندکردنی سنورەکان و گۆڕانکارییە لە سیاسەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەرانی نائاسایی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ یۆنان وەزارەتێکی بە تایبەت پێکهێناوە بە ناوی وەزارەتی کۆچ، کە پێشتر لە کابینەی حکومەتدا نەبووە، داوای هێزی زیاتری سنوریی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پاراستنی سنور و حکومەتی یۆنان هەموو هەوڵێکی خستەگەر بۆ دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەشی کە دەربازیان بووە.

بەپێی داتاکانی بەردەست پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان، لە سەرەتای مانگی تەموزەوە شەپۆلی کۆچی عێراقی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە، بە جۆرێک تەنها لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی تەموزدا، 500 کۆچبەر لەلایەن هێزەی پاسەوانی دەریایی تورکیاوە دەستبەسەرکراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com