شلێر سەعید
پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، كورد لە كەركوك هەست بە بێكەسی دەكات، دەشڵێت ”لەسەر کەیسی مامۆستاکە بەپەلە هاتینە دەنگ”.
مامۆستایەكی كورد، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، خێزانەكەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەی گشتیی شاری كەركووك بەهۆی كەمتەرخەمیی كارمەندانی تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا، مامۆستاكە ئامێرێكی پزیشكی دەشكینێت، دواتر لەلایەن كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەكەوە دەستی مامۆستاكە دەبەستنەوە بەو قەروێڵەیەی، كە خێزانەكەی لەسەری گیانی لەدەست دابوو، كە ئەوەش كاردانەوە و نیگەرانی زۆری لێكەوتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەتدا، مەریوان نادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە ڕووداوی گیانی لەدەستدانی ئەو ژنەی کەرکوک، بە نوچەی ڕاگەیاند: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كەركوك دەستبەجێ هاتینە سەرخەت، ئازادمان كرد، وەك لیژنەی شانەی كەركوك، هاوكات بەپەلە داوامان كرد لیژنەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت، بۆ بەدواداچوونی كەیسەكە و لیژنەكە دەستبەكار بوون و ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن.
گوتیشی، ئێمە سات بە سات چاودێری كەیسەكە دەكەین و هەر دوێنێ ئێوارە كۆبوونەوەكی ئۆنلاینمان كرد.
ئەو پەرلەمانتارەی كەركوك سەبارەت بە كێشەكانی كەركوك دەڵێت، ئێمە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە بەردەوامی كارمان لەسەر ئەو مەلەفانە كردووە، كە ڕۆژانە كورد لە كەركوك بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و مەلەفەكان چەند ڕهەندێكن هەندێكیان گرفت و كێشەی خەڵكە هەندێك ڕەهەندی دەستورین و ئەمنین و بەشێكی پەیوەندی بە ناوەندەوە و چەندین ڕەهەندی دیكە هەیە و ئێمە كارمان لە سەر كۆی پرسەكان كردووە و ڕاپۆرتمان پێشكەش كردووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
مەریوان نادر ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوان وەك پەرلەمانتار كاریان كردوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لەكەركوك، بەڵام بەشێكی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانە دەبێ هەرێمی كوردستان و سەرکردایەتی كورد هەنگاوی بۆ بنێن و هەڵوێستیان هەبێت، چونكە بەشێكیان پەیوەندی بە پەرلەمانەوە بەڵام بەشێكی پەیوەندی بە لایەنی سیاسی هەیە، وەك حزب دەبێت وتاری هاوبەشیان هەبێت و ئەجندایەكی هاوبەشیان هەبێت و هەنگاو بەهەنگاو چاودیری بكەن.
لە كۆتایی دا مەریوان دەڵێت و كورد لە كەركوك هەست بە بێكەسی دەكات ئێستا چونكە هێزی پێشمەرگەی لێنیە و و كورد دەسەڵاتی لەدەست نیە بۆیە كەركوك پێویستی بەهەڵوێستی جدیە لە هەموو لایەكەوە.