نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گلەیی زۆر لە لایەن هاوڵاتیانەوە سەبارەت بە خراپی و گرانی خزمەتگوزاریییەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕۆژانە دێتە لامان.
لە رۆژی٣١ی ئایاری رابردوو ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، داوامان كردووە لە كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت، كە خێرایی هێڵەكانیان زیاد بكەن و نرخی هێڵەكانیشیان كەم بكەنەوە، هەندێک لە کۆپانیاکان نرخیان دابەزاندووە، بەڵام خێراییەکەی زیادی نەکردووە و سەرەڕای ئەوەش هاوڵاتیان گلەییان لە خزمەتگوزاییەکانی ئێنتەرنێت هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانی، گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی کودستان، سەبارەت بە گلەیی هاوڵاتیان لە خزمەتگوازری هێڵەکانی ئینتەرنێت، ڕایگەیاند: گلەیی زۆر لە لایەن هاوڵاتیانەوە سەبارەت بە خراپی و گرانی خزمەتگوزارییەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕۆژانە دێتە لامان، بەڵام تا ئێستا وەک لیژنە بەجددی کارمان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، چونکە لەمساڵدا وەستانی کاری پەرلەمانی و ماوەی کەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگر بووە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانمان”.
سەرچنار ئەحمەد گوتیشی “ئەگەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی جدی لەسەر خراپی و گرانی خزمەتگوزاریییەکانی هێلی ئینتەرنێت دەکەین، هەروەها هەوڵدەدەین کار لەسەر کەمکردنەوەی نرخی کارتی ئاسیا و کۆڕکیش بکەین”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی کودستان، جەختیشیکردەوە “بەدواداچوونی لیژنەکەمان بۆ ئەو پرسانە بە پێویست دەزانم و هەوڵدەدەین لە داهاتوو ئەو پرسە لە پێشینەی کارەکانمان بێت، هیچ ڕێگرییەک نییە بۆئەوەی کاری لەسەر نەکەین، ئەگەر بە تەنها خۆشم بم کاری لەسەر دەکەم”.