نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بەهۆی کۆنی هەندێک لە ئامێرە پزیشکییەکانەوە بەشێکی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە نەکراوەتەوە.
بەهۆی بوونی بەڵێندەری سەرەكی و بەڵێندەری دووەم لە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی بریندارانی چەكی كیمیایی، تا ئێستا نەخۆشخانەکە بە تەواوی چاک نەکراوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەش واژۆ لەسەر وەرگرتنی نەخۆشخانەکە ناکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، سەبارەت بە کردنەوەی نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، رایگەیاند: لەبەر بەرژەوەندی و خزمەتکردنی نەخۆشانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە نەخۆشخانەکەمان وەرگرتووە، لە ئێستادا بەشێکی نەخۆشخانەکە کراوەیە، بەشەکەی دیکەی بەهۆی کۆنی ئامێرە پزیشکییەکانەوە نەکراوەتەوە و داوامانکردووە ئەو ئامێرانەمان بۆ بگۆڕن بە ئامێری نوێ.
ئازاد مەستەفا، ئاماژە بەوەشدەکات، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە داوایانکردووە، واژۆ لەسەر وەرگرتنی نەخۆشخانەکە بکەین، گوتیشی “نەخۆشخانەکە کۆمەڵێک کەم و کورتی هەیە، داوامانکردووە لە کۆمپانیای جێبەجێکار ئەو کەم و کورتیانە چارەسەر بکات، ئەو کاتە ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە واژۆ لەسەر وەرگرتنەکەی دەکەین”.
بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە جەختیشیکردەوە، کە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەڵێنیان پێداوین، پارە بۆ تەواوکردنی کەم و کورتییەکانی نەخۆشخانەکە دابین بکەن یان ئەوەتا کۆمپانیای جێبەجێکار خۆیان دێن کەم و کورتییەکان چارەسەر دەکەن.
ناوبراو باسی لەوەشکرد “چەند ساڵێک پێش ئێستا، چەند کەسێک بەهۆی کێشەیان لەگەڵ بەڵێندەری یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە، چەند ئامێر و پێداویستییەکی پزیشکی ناو نەخۆشخانەکەیان بردووە، ئەم کێشەیەش هیچ پەیوەندیییەکی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە و حکومەتەوە نییە، ئەوە کێشەی نێوان بەڵێندەرەکان و کۆمپانیای جێبەجێکارە، کێشەی ئێمە ئەوەیە، کە کەم و کورتییەکانی ناو نەخۆشخانەکە چارەسەر بکرێن، ئەو کات ئێمە واژۆ لەسەر وەرگرتنی نەخۆشخانەکە دەکەین”.