به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى رێكخراوێكى مرۆیى، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌یان گرتووخانه‌ى نهێنیان له عێراق هه‌یه و به پاڵنه‌رى تایفه‌گه‌رى خه‌ڵك ده‌گرن، هه‌ر یه‌كێكیش له‌و گرتووخانانه ژینگه‌یه‌كى له‌بارن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا.
روانگه‌ى یۆرۆمید ” euromedmonitor ” بۆ مافه‌كانى مرۆڤ له راپۆرتێكدا باس له بارودۆخى گرتووخانه‌كانى عێراق ده‌كات و به ژینگه‌یه‌كى له‌بار بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاكان ناویان ده‌بات.
له راپۆرته‌كه باس له‌وه كراوه 13 گرتووخانه‌ى فه‌رمى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق هه‌یه، كه نزیكه‌ى 60 هه‌زار كه‌سیان تێدا راگیراوه، له‌وانه‌یش هه‌زار كه‌سیان ژنن.
راپۆرته‌كه‌ى رێكخراوه‌كه حكوومه‌تى عێراق به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه هێشتا زانیارى ورد له‌سه‌ر گیراوه‌كان به رێكخراوه مرۆییه‌كان نادات.
جیا له‌مه‌یش روانگه‌ى یۆرۆمید ئاشكراى كردووه، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى چه‌ندان گرتووخانه‌ى نهێنیان له عێراق هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئاشكرا نه‌كراوه چه‌ند گرتووخانه‌ى نهێنى له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، به‌ڵام روانگه‌كه باسى له‌وه كردووه ته‌نیا له مووسڵ له ناوچه‌ى تاهیر گرتووخانه‌یه‌كى لیواى 30 حه‌شدى شه‌عبى هه‌یه، نزیكه‌ى هه‌زار كه‌سى تێدا راگیراوه.
روانگه‌كه ده‌ڵێ ئه‌و كه‌سانه به بیانووى جیاواز و به پاڵنه‌رى تایفه‌گه‌رى گیراون و به‌رپرسانى لیواكه به وه‌رگرتنى پاره له كه‌سوكاریان، گیراوه‌كه ئازاد ده‌كه‌ن.
راپۆرته‌كه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌و گرتووخانانه كاره‌ساتێكى مرۆیى له عێراق دروست ده‌كه‌ن و ژینگه‌یه‌كى له‌بارن بۆ په‌تاكان، چونكه هیچ مه‌رجێكى ته‌ندروستییان تێدا نییه.