له‌گه‌ڵ هاتنى گه‌رماى ته‌مووز، جارێكى تر كێشه‌ى كاره‌با له عێراق ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مجاره كێشه‌كه وا له سه‌ركرده سیاسییه‌كانى ده‌كات له‌سه‌ر كاره‌با یه‌كتر به گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبار بكه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌رپرسێكى باڵاى كورد ده‌كه‌وێته ناو دۆسیه‌كه‌وه ئه‌ویش به‌رهه‌م ساڵحى سه‌رۆك كۆماره.
له‌گه‌ڵ هاتنى هه‌ر وه‌رزێكى گه‌رما له عێراق، كێشه‌ى كاره‌با له‌م وڵاته ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و كێشه‌یه له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌رى و سیاسى لێكه‌وته‌ى خۆى هه‌یه، له‌سه‌ر ئاسته جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى شاره‌كانى عێراق له هه‌ر هاوینێكدا خۆپێشاندانێكى توند به‌خۆیان ده‌بینن، چونكه له‌و شوێنانه جیا له‌وه‌ى ژێرخانى كاره‌با وێرانه، پله‌ى گه‌رمى له زۆر شوێن ده‌گاته سه‌رووى 50 پله.
له‌سه‌ر ئاستى سیاسیش به‌رپرسانى كۆن و نوێى عێراق یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و هه‌ر یه‌كه به‌رپرسیارێتى خراپى كاره‌با ده‌خاته ئه‌ستۆى ئه‌ویتر، هه‌ر جارێكیش له‌و دۆسیه‌یه كاره‌كته‌رى نوێ ده‌رده‌كه‌ون و ناوى به‌رپرسى تر ده‌كه‌ونه ناو لیسته‌كه‌وه، كه خه‌ریكه كۆتایى نایه‌ت.
دۆسیه‌ى كاره‌با.. چیرۆكى دیارنه‌مانى 60 ملیار دۆلاره‌كه
بۆ دانانى سنوورێك بۆ ئه‌م دیارده‌یه دوێنێ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى دا له په‌رله‌مانى عێراق لیژنه‌یه‌ك دابنرێت، بۆئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى كاره‌با بكات له نێوان ساڵى 2006 تا 2020 . دیار نییه ئه‌م هه‌نگاوه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق چ ئه‌نجامێكى ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌وا ئه‌نجامه‌كانى دوا ده‌كه‌وێت چونكه ئه‌و ماوه‌یه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت زۆره و چه‌ندان حكوومه‌تى عێراق تێیدا تێوه‌گلاون. جیا له‌وه‌یش پاره‌یه‌كى خه‌یاڵى له كاره‌با خه‌رج كراوه بێئه‌وه‌ى بتوانرێت كاره‌باى پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.
ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ لێدوانێكى ئه‌حمه‌د عه‌بادى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراقى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه گوتوویه‌تى، له ساڵى 2003 وه تا ئێستا 62 ملیار دۆلار بۆ دابینكردنى كاره‌با خه‌رج كراوه، كه‌چى كاره‌با به‌م شێوه‌یه كه ئێستا له عێراق هه‌یه. مه‌حموود زه‌جراوى ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه له په‌رله‌مانى عێراق به هه‌مان ماڵپه‌ڕى گوتووه، به‌رپرسانێكى زۆر له دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى كاره‌با تێوه‌گلاون.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره دووپاتى ده‌كاته‌وه ئه‌وانه‌ى گه‌نده‌ڵكارى سه‌ره‌كیین له دۆسیه‌ى كاره‌با به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانن له وه‌زاره‌تى كاره‌با، چونكه به‌گوته‌ى ئه‌و وه‌زیره‌كان دێن و ده‌ڕۆن ئه‌وانه‌ى هه‌میشه له وه‌زاره‌ته‌كه ماونه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانن.
له‌سه‌ر كاره‌با سووكایه‌تى به به‌رهه‌م ساڵح ده‌كرێت
محه‌مه‌د فه‌وزى زه‌یدى كه به‌رپرسێكى شیعه‌یه له وه‌زاره‌تى كاره‌با، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌رهه‌مهێنان بووه، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له میدیاكانى عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه ئێستا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژیت و به گه‌نده‌ڵى تۆمه‌تبار ده‌كرێت، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڤیدیۆیه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه و له ڤیدیۆكه به‌رهه‌م ساڵحى سه‌رۆك كۆمارى عێراق و جێگرى پێشووى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى نوورى مالیكى به گه‌نده‌ڵى و وه‌رگرتنى به‌رتیل تۆمه‌تبار ده‌كات و چه‌ندان جنیۆ و سووكایه‌تییش به به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه به‌رهه‌م ساڵح سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار كردووه و ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مه‌ریكى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، محه‌مه‌د فه‌وزى تۆمه‌تبار به سووكایه‌تیكردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق بڕیارى گرتنى له‌لایه‌ن دادگاوه بۆ ده‌رچووه.
هاووڵاتیان عێراق باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ن
دوو رۆژه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى عێراق خۆپێشاندان له‌به‌ر نه‌بوونى كاره‌با ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه. له مانگى ئۆكتۆبه‌رى رابردووه‌وه تا مانگى ئادار خۆپێشاندان له به‌غدا و شاره‌كانى باشوورى عێراق به‌رده‌وام بوو، له ماوه‌یه‌دا زیاتر له 700 كه‌س كوژراون و 27 هه‌زار كه‌سیش له خۆپێشانده‌ران بریندار بوون. جیا له‌م خۆپێشاندانه كه به درێژترین خۆپێشاندان داده‌نرێت له مێژووى عێراق، هه‌ر هاوینێك خۆپێشاندان به‌هۆى نه‌بوونى كاره‌باوه له عێراق روو ده‌دات و ئه‌و كه‌سانه‌ى له تاو گه‌رماوه روو ده‌كه‌نه سه‌ر شه‌قامه‌كان، دواجار وێراى گه‌رما ده‌كه‌ونه به‌ر زه‌برى هێزه عێراقییه‌كانه‌وه.