نوچەنێت
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆئەوەی جوڵەی ئابووری و بازرگانی لە هەولێر نەوەستێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە میکانیزمی نوێ بۆ هاتنە نێو پارێزگاکە جێبەجێدەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٣-٧-٢٠٢٠، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە هەموو بازگەکانی پارێزگای هەولێر بنکەی پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێن، ئەو هاووڵاتییانەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن، بە بڕێک پارە کە لە٥٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت، پشکنینیان بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە میکانیزمی تایبەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان فرسەت سۆفی گوتی: میکانیزمەکە جیاوازیی دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن پشکنین بکەن و پێویستیان بە هەماهەنگی نەبێت بۆ هاتنە نێو هەولێر. گرتنەبەری ئەم میکانیزمەش، بۆ ئەوەیە جووڵەی ئابووری و بازرگانی لە هەولێر نەوەستێت، چونکە داخستنی سنور لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق، کاریگەریی لەسەر ئابوریی شارەکە دروستکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پارێزگاری هەولێر، دوای گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیارە ئەو میکانیزمە جێبەجێبکرێت.