نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەرپرسێکی یەکێتی لە خوورماتوو ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی ئەمنی هەرێم و بەغدا، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نییە، بەڵکو بۆ درووستکردنی چەند ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە.
حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەپێی ڕێککەوتنەکە چەند ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هێزەکانی ئاسایش، پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دروست دەکرێت، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەلا کەریم شکور، بەرپرسی مەڵبەندی ١٦-ی حەمرینی یەکێتی، لە دووز خورماتوو، لە بارەی گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕایگەیاند: وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، بەشێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی ٤ ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش (ژووری عەمەلیات) لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەش قۆناغی دیکە و پێویستی بەڕێککەوتنێکی دیکە هەیە.
ناوبراو جەختیشیکردەوە و گوتی “هێشتا زووە، کە بڵێین هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، ڕاستە چەند کەس و لایەنێک ناڕەزاییان دەربڕیوە، ئەوانەش گوزارشت لە ڕای هەموو تورکمان و عەرەبەکان ناکات، چونکە ئێمە لە سنووری خورماتوو عەرەب و تورکمان بەیەکەوە ئەزموونی ئەوەمان هەیە، کە پێشمەرگە چەند ساڵێک ئەم سنوورەیان پاراستووە و ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستنی”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە خورماتوو ئاماژە بەوەشدەکات، کە دروستکردنی ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە.
مەلا کەریم شکور، دەڵێت “لە ڕابردوو بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەوە هەندێکجار کێشە دروستبووە و وایکردووە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دروست بێت، ڕەنگە ڕێککەوتنێک بکرێت لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، چونکە لە دوای نەمانی پێشمەرگە لەو سنوورانە، داعش چالاکییەکانی زیاد کردووە، خەڵکی ئەو ناوچانەش چاویان لەوەیە پیشمەرگە بگەڕێتەوە”.