نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان بەگشتی جموجۆڵی بازرگانی نەوەستاوە و گەرم و گوڕی پێوەدیارە.
ئەمساڵ بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتان گەشەی ئابووری دابەزیوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتان، هەرێمی کوردستانیش کەم تا زۆر بە دوور نەبووە لەسەر هەڵدانی ئەو قەیرانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەردار قوربانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێم، لە بارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جموجۆڵە بازرگانیەکان لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی باردۆخی خۆپارێزی و پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، خۆشبەختانە تا ئێستاش بەردەوامە، بۆیە دەتوانین بڵێین، بەگشتی جموجۆڵی بازرگانی نەوەستاوە و خۆشبەختانە گەرم و گوری پێوەدیارە و لەناوخۆی شارەکانیش بەردەوامە.
سەبارەت بەو سێکتەرانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان زیادبووە ئەمساڵ، سەردار قوربانی، گوتی “کۆمەڵێک سێکتەر بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو جموجۆڵیان زیاتر پێوە دیارە، بەتایبەتی سێکتەرەکانی کەل و پەلە پزیشیکییەکان، خۆپارێزیییەکان و پاکژ کەرەوەکان”.
بەڕێوەبەری پەیوەندیییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە شدەکات، کە هەندێک سێکتەر هەیە، ئەمساڵ کەمێک سستییان پێوە دیارە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، وەک سێکەتەرەکانی بواری بیناسازی و هەندێک بواری دیکەی پیشەسازی.