شرۆڤه‌كارێكى عه‌ره‌ب ئه‌مڕۆ له وتارێكدا ده‌ڵێ، جیاكردنه‌وه‌ى عێراق له ژێر كاریگه‌ریى ئێران سه‌خته، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێت پێشبینى شه‌ڕى شه‌قام به شه‌قام بكه‌ین.
فارووق یوسف كه نووسه‌رێكى به‌ناوبانگى عێراقییه بۆ چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ده‌نووسێ، له وتارێكدا ئه‌مڕۆ كه له ماڵپه‌ڕى میدل ئیست ئۆنلاین، به ناونیشانى “سیناریۆیه‌كى خه‌یاڵكراو بۆ ئاینده‌ى عێراق” بڵاوى كردووه‌ته‌وه، شرۆڤه بۆ ئه‌گه‌رى ده‌رچوونى عێراق له‌ژێر هه‌ژموونى ئێران ده‌كات.
ئه‌و نووسه‌ره پێیوایه عێراق له‌ڕووى سیاسى و ئابوورییه‌وه له لایه‌ن ئێرانه‌وه داگیركراوه، به‌ڵام كرۆكى سه‌ره‌كى بابه‌تى داگیركردنه‌كه بوونى حه‌شدى شه‌عبییه، حه‌شدى شه‌عبییش به بڕواى ئه‌و دوو جۆره.
یه‌كێكیان به ته‌واوى سه‌ربه ئێرانه و جۆره‌كه‌ى تریان ئه‌وه‌یه كه كه‌متر لایه‌نگرى بۆ ئێران هه‌یه، به بڕواى ئه‌و نووسه‌ره حه‌شدى شه‌عبى یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ى هه‌ژموونى ئێرانیش له عێراق كه‌م ده‌كرێته‌وه، چونكه حه‌شدى شه‌عبى زامنى پاشكۆیه‌تى عێراقه بۆ ئێران.
بهبڕواى فارووق یوسف یه‌كێك له‌و چاره‌سه‌رانه‌ى هه‌یه ئه‌وه‌یه عێراق خه‌رجى ئه‌و حه‌شده بكات كه راسته‌وخۆ سه‌ربه ئێرانه، به‌ڵام ئه‌مه ئامانجه‌كه ناپێكێ چونكه ئه‌و كاته سوپاى پاسداران ئاسووده ده‌بێت و خه‌رجییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌كۆڵ ده‌بێته‌وه، هیچ گره‌نتییه‌كیش نییه كه ئه‌و حه‌شده گوێڕایه‌ڵى حكوومه‌تى عێراق بێت.
له‌لایه‌كى تریش به بڕواى فارووق یوسف هه‌ر لایه‌نێكى حه‌شد ده‌گرییت ئه‌وا كۆمه‌ڵێك پێشیلكاریى ئه‌نجام داوه و تاوانه‌كانى دژ به مرۆڤایه‌تییان له عێراق كردووه، بۆیه نابێت چاوه‌روانى چاكه له‌وان بكرێت.
نووسه‌ر له كۆتایى وتاره‌كه‌ى باس له‌وه ده‌كات جیابوونه‌وه‌ى عێراق له هه‌ژموونى ئێران ئه‌ركێكى سه‌خته، چونكه ئێران له رێى حه‌شده‌وه شه‌قام به شه‌قامى عێراقى داگیركردووه و كاتێكیش چاوه‌ڕوانى جیابوونه‌وه ده‌كه‌ین ده‌بێت پێشبینى شه‌ڕى شه‌قام به شه‌قام بكه‌ین.