گۆڕان: تۆپەکە لە ساحەی یەکێتیدایە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ هەنگاو نانی کاراکردنەوەی ڕێککەتننامەی دەباشان، تۆپەکە ئێستا لە ساحەی یەکێتییدایە.                                                                            

رۆژی ١٧-٤-٢٠١٦،  نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی پیشووی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دەباشان و لە بەردەم تاڵەبانی دا رێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕانیان واژۆ کرد، کە خۆی لە ٢٥ ماددە دەبینێتەوە، بەڵام بەهۆی ناوکۆکی نێوانیانەوە گۆڕان ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی هەڵپەسدرا.                                               

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چوار چێوەی ڕێککەوتنەکانی ڕابردوویان، یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، داوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەر دوولا ئاڵوگۆری چەند پۆستێکیان کرد.                           

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەڵێن ئیسماعل، ئەندامی فراکسیۆنی بزونتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی دەباشان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، ڕایگەیاند”پێشتر جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ڕێککەوتننامەی دەباشانی هەڵپەساردووە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چونکە یەکێتی ئەو کاتە ئامادە نەبوو بڕگە و ماددەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات”.                                                                    

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ئەگەری کارا کردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی”وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە بەشێکی زۆری بەدەستنوس و تێڕواننی ئێمە نوسراوە، ئامادەین بەهەماهەنگی کردن جێبەجێی بکەن، بەمەرجێک ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی، کە ئێمە ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەکەین، وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنەکاندا نوسراوە، بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە”.                                                 

بەڵێن ئیسماعیل، دەڵێت”تۆپەکە ئێستا لە ساحەی یەکێتیدایە، دەتوانێت دەستپێشخەر بێت، هەنگاوی جددی بنێت، بۆئەوەی جارێکی دیکە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێککەوتنەکە و بە هەلومەرجی چۆنێتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا بچێتەوە و ڕێککەوتنەکە جارێکی دیکە بچێتەوە بواری جێبەجێکردن”.                                                                                                                                                    

ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕابردوودا پابەند نەبووە بەڕێککەوتنەکەوە، ئێستا پێویست دەکات یەکێتی هەنگاو بنێت، نیەت پاکی نیشان بدات و زەمینەسازی بکات بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بێگومان ئەو کاتە بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی جڤاتی نیشتمانییەوە قسەی لەسەر دەکات و بڕیار لەسەر لابردنی هەڵپەساردنی ڕێککەوتنەکە دەدات.                                                                                             

لای خۆشیەوە عوسمان کەریم سوارە، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەلەمانی کوردستان، لە بارەی کارا کردنەوەی ڕێککەوتنی دەباشان بەنوچەی، ڕاگەیاند”من پێموایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەبەستییەتی ڕێککەوتنی دەباشان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کارا بکاتەوە و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەو ئاستەنگانەشی لە بەردەم کاراکردنەوەی ڕێککەوتنەکەدان ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت دەتوانرێت چارەسەر بکرێت”.                            

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەلەمانی کوردستان، دەڵێت”لە ئێستادا لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی و گۆڕان پێکهێنراوە بۆ چارەسەی ئەو کێشانەی لە نێوان هەردوولادا هەن، بۆیە من پێموایە، کە نییەت پاکی لەلایەنە یەکێتی نیشتمانییەوە هەیە بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنەکە”.                                                                                   

عوسمان کەریم سوارە، جەختیشیکردەوە و گوتی”گفتوگۆ و دانیشتنەکان لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا هەیە، بۆ درووستکردنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەیشتنە چارەسەری ئەو پرسانە، بەڵام نازانم لێک نزیکبوونەوەکان تا چ ڕادەیەکبووە، گرنگ ئەوەیە ئاراستەیەک هەیە بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێک، ئومێدەوارین کە دانیشتنەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە”.                                                                              

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com