رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه له له‌ندن ده‌رده‌چێ، له راپۆرتێكدا باس له حكوومه‌تى مسته‌فا كازمى ده‌كات و ده‌ڵێ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌خته، چونكه له ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا دوو زه‌برى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وتووه، دووه‌میان كوشتنى هیشام هاشمى شرۆڤه‌كارى ئه‌منى بوو.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بییه له له‌نده‌ن چاپ ده‌كرێ، له ژماره‌ى ئه‌مڕۆى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه به ناونیشانى “كازمى له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى گره‌و له میلیشیاكان بباته‌وه”.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات له دوو هه‌فته‌ى رابردوودا دوو زه‌بر به‌ر حكوومه‌تى كازمى كه‌وتووه، یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو كه نه‌یتوانى چه‌كدارانى كه‌تائیبى حزبولا له گرتووخانه‌كان بهێلێته‌وه، كه به هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت و هاوپه‌یمان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، دووه‌میشیان كوشتنى هیشام هاشمى شرۆڤه‌كارى ئه‌منى بوو.
له راپۆرته‌كه هاتووه، “له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا، متمانه‌ى جه‌ماوه‌رى به حكوومه‌تى كازمى به‌ر دوو زه‌بر كه‌وتووه، یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو كه نه‌یتوانى رووبه‌ڕووى ئه‌و میلیشیانه ببێته‌وه كه مووشه‌كى كاتیوشا ئاراسته‌ى فرۆكه‌خانه‌ى به‌غدا و باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، دووه‌میشیان كوشتنى هیشام هاشمى بوو”.
جیا له‌وه‌یش رۆژنامه‌كه‌ى ده‌ڵێ چاودێران پێیانوایه حكوومه‌تى كازمى له‌وه نزیك بووه‌ته‌وه متمانه‌ى خه‌ڵك له‌ده‌ست بدات. دواتریش لێدوانێكى فایق شێخ عه‌لى په‌رله‌مانتارى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه گوتوویه‌تى ، “جارى یه‌كه‌م میلیشیاكان وێنه‌ى كازمیان خسته ژێر پێڵاوه‌كانیان، ئه‌گه‌ر وا بڕوات ئه‌وا ئه‌مجاره حكوومه‌ت ده‌خه‌نه ژێر پێڵاوه‌كانیان”.
مه‌به‌ستى شێخ عه‌لى له‌و رووداوه‌یه كه دواى گرتنى چه‌ند چه‌كدارێكى حزبوڵا له‌لایه‌ن ده‌زگاى دژه تیرۆری عێراقى له به‌غدا، لایه‌نگرانى ئه‌و میلیشیایه سووكایه‌تیان به وێنه‌ى كازمى كرد.