نێچیرڤان بارزانی لە بارەی گەڕانەوەی تاڵەبانییەوە دەدوێت

0

 

نێچیرڤان بارزانی لە بارەی گەڕانەوەیnechirvan تاڵەبانییەوە دەدوێت

 

نوچە: هەولێر

لە پەیامێكدا كە بە بۆنەی گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە بڵاوی كردۆتەوە، نێچیرڤان بارزانی باس لە رۆڵی تاڵەبانی دەكات لە خەباتی كورددا.

هەروەها سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا و ئەو تیمە پزیشكییە دەكات، كە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵی بوون.
دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە

زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەین كە جه‌نابی مام جەلال و كوردستان و خەڵكی كوردستانی بە یەكتر شاد كردنەوە، هەروەها سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای دۆست و هەموو ئەو تیمە پزیشكییانە دەكەین كە ماوەی ڕابردوو لە چارەسەركردنیدا ئەركیان لەگەڵ كێشاین. هەر به‌م بۆنەوە لە دڵەوە خۆشحاڵیی خۆمان دەردەبڕین و بەخێرهاتنەوەیەكی گەرمی لێ دەكەین و پیرۆزباییش لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین.

سەرۆك مام جەلال ڕۆڵێكی سەركردانەی گرنگی هەبووە لە ژیانی سیاسی و شۆڕشی كوردستان و عیراقدا، لە سەختترین ڕۆژگاردا خۆڕاگری نوواندووە و بەرگری لە مافەكانی گەلەكەی كردووە، هەروەها لە خەباتی شاخ و سیاسی لە مێژووی سیاسیی نوێی كوردستاندا خاوەن پێگەیەكی زۆر گەورە بووە. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی ڕۆڵێكی هەرە گرنگیان گێڕاوە لە چەسپاندنی ئەزموونی دیموكراتیی گەلی كوردستان و دابینكردنی فرەییی سیاسی و دروستكردنی ژیانی پەرلەمانی لە كوردستاندا. نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەیشی لە كوردستان و عیراق، زۆر بە ڕوونی بە ژیانی سیاسی و حوكمڕانیی عیراقەوە دیار بووە، چونكه‌ ڕۆڵێكی مێژوویی هه‌بووە و ڕۆژی گەڕانەوەشی بۆ وڵات ڕۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان.

دووباره‌ بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ناوی خۆشمەوە، به‌ گه‌رمی بەخێرهاتنەوەی دەكەین و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین، هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌مه‌ندرێژی بۆ ده‌خوازین و دڵنیاین هاتنەوەیان مایەی خێر و خۆشی دەبێت بۆ هەموو گەلی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان
19ی ته‌ممووزی 2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com