نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی ئاراستەی لیژنەکەمان کراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو، دەستەی دەستپاکی بانگێشتی لیژنە بکرێت.
نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٦ ى تهموز، لیژنەی دەستپاکی بە سەرپەرشتی شیرین ئەمین، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگر و ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەند بڕیارێکیان دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانەش بانگێشتکردنی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بووە، بۆ لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شنۆ عەشقی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کودستان، سەبارەت بە کاری لیژنەکەیان ڕایگەیاند”لە دوای تەواو بوونی ماوەی کەرەنتینی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەکانی پەرلەمان کاراکرانەوە و لە دوای ئەو ماوەی کەرەنتینەوە، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەمان ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بوو، کاری لیژنەکەمان ئەرکی بەدواداچوون و گفتوگۆ کردنە لەسەر ئەو پرسە گەندەڵییانەی، کە ئاراستەی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمان دەکرێت”.
شنۆ عەشقی، سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنی دەستەی دەستپاکی هەرێم بۆ پەرلەمان، دەڵێت”کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی ئاراستەی لیژنەکەمان کراوە، ئێمەش گفتوگۆمان لەسەر کردووە، بۆیە پێویستیکردووە لەسەر کۆمەڵک لەو پرسە گەندەڵیانەی کە ئاراستەی لیژنەکە کراون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بانگهێشی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان بکرێت، بۆئەوەی ڕوونکردنەوەی پێوستمان بداتێ لەسەر ئەو پرسە گەندەڵیانە کە ئاراستەی لیژنەکەمان کراون”.
ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، ڕەنگە هەفتەی ئایندە سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیار بدات دانیشتنێکی پەرلەمانی ڕێکبخات لەسەر قەرز و مووچە و بارودۆخ و گوزەران و ژیانی خەڵک و پرسی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دڵنیانیم، کە تائێستا ڕاپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکان تەواو دەبێت بۆ ئەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمان بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەین ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی دەستەی دەستپاکی هەرێم بکات و لەگەڵ دابنیشین.
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی”ئەو پرسە گەندەڵیانەی کە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی باس دەکرێت، ڕاپۆرتی شەش مانگی ڕابردووی دەستەی دەستپاکییە کە ئاراستەی لیژنەکەمان کراوە، پرسی چۆنیەتی خەرجکردنی ٥ ملیۆن دۆلار بۆ هەولێر وەک پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی و ئەو ٦ ملیار یۆرۆیەی لە ڕێگەی ئابوور گرووپەوە ڕەوانەی دەرەوە کراوە کەپیشتر کاروان گەزنەیی کاری لەسەر کردبوو، بەشێکن لە تەوەری گفتوگۆکانی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان و دەستەی دەستپاکی هەرێم”.