نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەنێوان هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنی نێوانیان خێراتر دەکات.
جێنین هێنیس- پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئامادەیی نیشانداوە بە مەبەستی نێوەندگیری و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و بنەڕەتی و درێژخایەن، کە جێگای رەزامەندی هەردوولا بێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عیراقدا بێت. لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کاریگەری نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند”تاکو ئێستا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر بەردەوامە، ئەگەر نەتەوەیەکگرتووەکانیش نێوەندگیری بکەن، بێگومان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر خێراتر کردنی ڕێککەوتنەکە و نێوەندگیری ئەوان بەشێوەیەکی داد پەروەرانە دەبێت لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق”.
مەیادە محەمەد، گوتی”هیوادارین بەزووترین کات ڕێککەوتنێکی تۆکمە و ستراتیژی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە کە سەرجەم دۆسیەکانی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە وبەپێی دەستور کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە”ئەگەر حکومەتی عێراقی دەستور جێبەجێ بکات، ئەوا هەرێمی کوردستان هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا یەکلایی دەبێتەوە و چارەسەر دەبن، دڵنیاشم کە نەتەوەیەکگرتووەکان داوادەکەن بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ مامەڵە بکرێت “.