شلێر سەعید
بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەر لەهەرێمی كوردستان دەڵێت، هۆكاری كەمبوونەوەی ڕێژەی كۆچبەران دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێكارانەی یۆنان گرتوویەتیە بەر و بەشێكی پەیوەندی هەیە بە كۆرۆنا.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020، شەپۆلی کۆچبەران و پەنابەران بۆ دوورگەکانی یۆنان، بەڕێژەى 51% کەمیکردووە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2019، ئەوەش بەپێی داتایەکی وەزارەتی کۆچی یۆنان.
ستیلیۆس پێتساس، گوتەبێژی حکومەتى یۆنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داتاکەى ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ شەپۆلی کۆچبەران لە سەرانسەری وڵات بەڕێژەى 46% کەمیکردووە، بەڵام بۆ دورگەکان 51%یە.
هەر بەپێی قسەکانی ستیلیۆس، لە دووەم چارەکی ئەمساڵ، واتە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران، شەپۆلەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 2019 بەڕێژەى 92% کەمیکردووە.
بە پێچەوانەوە، یەکلاییکردنەوە و بڕیاردان لەسەر داواکاری مافی پەنابەرێتی پەناخوازان بەڕێژەى 88% زیادی کردووە، بۆ نمونە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڕیار لەسەر زیاتر لە 46 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی دراوە، بەڵام لە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو (2019)، ژمارەکە زیاتر لە 24 هەزار بووە.
هاوکات ئەو داواکارییانەی، کە چاوەڕێی پێداچوونەوە بوون کەمیکردووەتەوە بۆ 101 هەزار، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2019 ژمارەکە 140 هەزار بووە و چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەیان کردووە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەر لەهەرێمی كوردستان، لەم بارەوە بە نوچەی ڕاگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020، شەپۆلی کۆچبەران و پەنابەران بۆ دوورگەکانی یۆنان بەڕێژەی 51% کەمیکردووە ، من ئەوە دەگێڕمەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەمیان لەسەرەتای ساڵی 2020 وە حكومەتی یۆنان هەوڵی دا سیاسەتێكی پتەوتر بگرێتەبەر بۆ ڕێگری كردن لە كۆچبەران، وەزارەتێك و وەزیرێكی دانا تایبەت بە كۆچ، كە ئەوە پێشتر نەبووە لە حكومەتی یۆناندا و تەنها مەبەستی لەوە ڕێگری كردن و دانانی ڕێكار و سیاسەتی ی نوێ بۆ كۆچبەران و هەوڵی دا لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتی بن بەناردنی هێز بۆ سەرسنورەكانی یۆنان و سنوری ئاوی دروست كرد، تا بەلەم و كەشتیەكانی كۆچبەران تێپەڕنەبن.
گوتيشى، هۆكاری دووەم داخستنی سەرجەم سنورەكان بەهۆی كۆرۆنا و توركیا و وڵاتان سنورەكانیان داخست و گەشتی ئاسمانی داخرا بەوەش كۆچبەران نەیان دەتوانی بچنە توركیا و لە وێوە بچنە یۆنان؛ ئەوەش كاریگەری زۆری هەبوو بە پێ داتاكان، لە مانگێ نیسان تا مانگی حوزەیران %92 كۆچ كەمی كردووە.
بەرپرسەكەی میدیایی پڕۆژەی كۆچبەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەو ڕێكارانەی یۆنان گرتیانەبەر و ڤایرۆسی كۆرۆنا بارودۆخێكی ناخۆشی دروستكرد بۆ پەنابەران و تا 15-6-2020 تنها 25 هەزار كۆچبەر كۆچیان كردووە لەهەموو وڵاتان، ئەوەش زۆركەمە. هەر بەهۆی ئەو هۆكارنەوە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێژەكی بەرچاو دابەزیوە، كە زۆر بەكەمی ڕوویان لە ئەوروپا كردووە، خۆیان نەخستۆتە مەترسی ڕێگای قاچاغ.