نەوزاد عەلی-سلێمانی
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەکار کەوتنەوەی کارگەی ئاوەتەماتەی هەریر، قۆناغی یەکەمە و لە هەفتەی داهاتوش کارگەی ئاوەتەماتەی شارەزور دەکەوێتەوە کار.
رۆژی دووشەممە ٧-٧-٢٠٢٠،جوتیارانی هەولێر و قەزای خەبات بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، بەشێکی زۆر لە بەرهەمی تەماتەی خۆیان فڕێدایە سەرشەقام، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران، ئەمڕۆ بڕیاری کردنەوەی کارگەی ئاوەتەماتەی هەریر دراو دەتوانێت ڕۆژانە بەشێکی باش تەماتەی جوتیارانی سنورەکە وەربگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شوان زراری، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ساغکردنەوەی تەماتەی جوتیارانی هەرێم، ڕایگەیاند”بەکار کەوتنەوەی کارگەی ئاوەتەماتەی هەریر، قۆناغی یەکەمە و لە هەفتەی داهاتووش کارگەی ئاوەتەماتەی شارەزور دەکەوێتەوە کار، لە دووڕۆژی داهاتووش هەوڵێکی جددی هەیە بۆئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ڕێگای پارێزگاکانی ناوەند (عێراق) بکرێنەوە، ئەم هەنگاوانە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا چارەسەرێکی باشن”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی”هەریەک لە وەزیرانی کشتوکاڵ و بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانگێشتی پەرلەمانی کوردستان کراون کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئامادەبن لە پەرلەمانی کوردستان، بۆئەوەی پرسیاریان لێبکرێت”.
سەبارەت بە ئامانجی بانگهێشتەکەیان، شوان زراری ئاماژە بەوەدەکات، پەرلەمانی کوردستان پرسیار لە هەردوو وەزیرەکە دەکات، بۆ ئەم قۆناغە بەرنامەیان چییە و بۆ داهاتوش بەرنامە و پلانیان چی دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی کشتوکاڵی جوتیارانی هەرێم، داوایان لێدەکرێت پێشوەختە پلانیان هەبێت بۆئەوەی تووشی ئەم حاڵەتەی چەند ڕۆژی ڕابردوو نەبینەوە.