عیراق دەتوانێ هێرشەکانی تورکیاو ئێران رابگرێ؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق تا ناوماڵی خۆی ڕێکنەخاتەوە و بڕیارێکی یەکگرتووی نەبێت، سەروەری عێراق هەر پێشیل دەکرێت.                                                                        

ماوەی چەند هەفتەیەکە تۆپباران و ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامی هەیە و ماوەماوە وڵاتی ئێرانیش تۆپبارانی خاکی هەرێمی دەکات.                                                   

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێم، ڕایگەیاند”حکومەتی عێراقی لەم قۆناغەی ئێستادا ناتوانێت هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی عێراق ڕابگرێت، بەرلە هەمووشتێک دەبێت حکومەتی عێراق ناوماڵی خۆی ڕیکبخات، عێراق تا ناوماڵی خۆی ڕێکنەخات و بڕیارێکی یەکگرتووی نەبێت، سەروەری عێراق لەمەی ئێستای باشتر نابێت”.                                                                                                                  سەبارەت بە هۆکاری پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ، هەرکی دەڵێت”سەروەری خاکی عێراق لەلایەن زۆربەی وڵاتانی دراوسێی تورکیا، ئێران و ئەمریکاشەوە پێشێل دەکرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بڕیارێکی عێراقی بەهێز، چونکە هێزە عێراقییەکان بوونەتە ئالیەتێک بەدەستی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە و بەرژەوەندی عێراقیان بەلاوە ناوە، لەسەر بەرژەوەندی تاک، حزبی و مەزهەبی کاردەکەن، بۆیە ئەگەر هێزە عێراقییەکان خەمی خەڵکی عێراقیانە، پێویستە ئەم بەرژەوەندییانە بەلاوە بنێن و بڕیارێکی عێراقییان هەبێت، ئەوکات دەتوانن، سەروەری عێراق بپارێزن”.                                                                                                          

ئەو ئەندامەی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە”سەرەتا پێویستە متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق دروستبکرێت، چونکە عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە و لە مەزهەب و ئاینی جیاواز پێکهاتووە، نەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکان ئەمەش دیسانەوە ڕێخۆشکەرە بۆئەوە دۆخەی کە بەسەر عێراقدا هاتووە”.                                  

ناسر هەرکی ئاماژە بەوەدەکات، حکومەتی عێراق بەفەرمی چەندجارێک باڵوێزی تورکیا و ئێرانی لەو پێشێلکارییانە ئاگادارکردووەتەوەو نیگەرانی خۆشیان ڕاگەیاندووە، بەڵام نەبوونی ناوەندێکی بەهێزی یەک بڕیاری عێراقی هۆکارە بۆئەوەی کە ئەم وڵاتانە گوێ بەئاگادارکردنەوەکانی حکومەتی عێراق نەدەن.

لە بارەی جددی بوونی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، هەرکی ڕاگەیاند”عێراق دەتوانێت لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەریان، بەڵام نەبوونی یەک بڕیاری عێراقی بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە جددی نییە لە ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ  لە پیشێلکارییەکانیان، ڕەنگە هەموو لایەنەکانی عێراق لەگەڵ ئەوە نەبن و هەرلایەک بەرژەوەندی لایەکی بوێت بۆیە عێراق بەم دۆخەدا دەڕوات”.                                                                                                                                 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com