نوچە
ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە ٦-٧-٢٠٢٠) هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی عێراقی لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراوە و تیرۆرکرا.
لیوا سەعد مەعن، لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، تەرمەکەی لە پزیشکی دادە لە بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٦-٧-٢٠٢٠، گروپێکی چەکدار بە دوو ماتۆڕسکیل لە بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچەی زەیونە تەقەیان لێکردووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
هیشام هاشمی لە دوایین توویتەکانی ئاماژەی بەوە داوە، کە هێزە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەیەکەوە بەنیازی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سنووردارن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدژی چەکدارانی داعش.
هەڵوێستی کازمی
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، گرووپێکی چەکدار هیشام هاشمیان تیرۆرکردووە و بەتووندی سەرۆکۆنەی دەکەین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە هاشمی لەو کەسانە بووە کە بەشداربووە لە دروستکردنی رای گشتی، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەدەن و “هەروەک چۆن هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی چەک بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و هیچ هێزێکیش لەسەرووی دەسەڵاتی یاسادانانەوە نەبێت”.
بەپێی ئاژانسی فەرمی عێراق، کازمی بڕیاریداوە بە لەسەرکارلابردنی فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە.
هەڵوێستی یۆنامی
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) سەرکۆنەی کوشتنی هیشام هاشمی دەکات و دەڵێت، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بە هەواڵی کوشتنی د. هیشام هاشمی تووشی شۆک بوو. دەشڵێت “زۆر بە تووندی ئەم تاوانە قێزەون و ترسنۆکانە سەرکۆنەدەکەین و داوا لە حکومەت دەکەین زوو ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات.”
هەڵوێستی سەرۆکۆمار
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە توویتەر لەبارەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی نووسیویەتی “تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، لێکۆڵەری راستگۆ و نیشتمانپەروەری عێراق لەسەردەستی لەیاسا دەرچووان، تاوانێكی قێزەونە کە مرۆڤی عێراق و مافی خۆی بە ژیانێكی شکۆمەندانە دەکاتە ئامانج”.
لە بەشێکی دیکەی توویتەکەدا سەرۆککۆماری عێراق تیرۆرکردنی هیشام هاشمی بە “تاوانێکی دڕندانە” ناودەبات و دەشڵێت “ئەو تاوانە دڕندەیە ئەو بەها بەرزانەی وڵاتمانی کردووەتە ئامانج کە ئێمە لە قۆناخی دوای سەردەمی دیکتاتۆرییەت بۆ نیشتمانمان دەستنیشانمان کردوون”.
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژە بەوەش دەدات، “کەمترین ئەرکی سەر شانمان دۆزینەوەی تاوانباران و دادگاییکردنیانە تاوەکو ئاسایش و ئاشتی بۆ وڵاتەکەمان دابینبکەین.
هیشام هاشمی
- لە 1973 لە بەغدا لە دایکبووە
- مێژوونووس و توێژەری کاروباری ئەمنی و ستراتیژی و گرووپە تووندئاژۆکان بوو
- چەندین توێژینەوە لەسەر گروپە تووندئاژۆکان هەیە
- بە کالۆریۆسی لە ئامار هەیە