نەوزاد عەلی-سلێمانی
جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بەفەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لەم هەفتەیە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
پێنج شەممەی ڕابردوو شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆ بوونەوە، بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆ ببێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە هەنگاوەکانی گفتوگۆکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ڕابردووی شاندی وەزارەتی پیشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، لێک تێگەیشتنێکی زۆر باش هەبووە و ئەنجامەکانیشی لە داهاتوو دەردەکەوێت، هیوادارین ئەو لێک تێگەیشتنەی، کە لەیەک نزیک بوونەتەوە هەردوو شاندەکە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەیەکی کرداری جێبەجێبکرێت.
لە بارەی سەردانی شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ هەرێم، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت”تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق بەم نزیکانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام هەرکاتێک شاندەکەی وەزارەتی بەرگری بیانەوێ سەردانی هەرێم بکەن، بەفەرمی ئاگادارمان دەکەنەوە لە سەردانەکەیان”.